لەسەر بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵای کوردستان، 11 سیاسەتمەدار و چالاکوانی PWK دادگایی دەکرێن

لەسەر بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵای کوردستان، 11 سیاسەتمەدار و چالاکوانی PWK دادگایی دەکرێن

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکی ماردین کردووە کە لە ڕۆژی دادگاییکردنەکەدا ئامادەبن و پشتیوانی لەو کەسانە بکەن کە لەسەر ڕێزگرتن لە ئاڵای کوردستان دادگایی دەکرێن.

لە ناحیەی قۆسەری سەر بە پارێزگای ماردین لە باکووری کوردستان، دۆسیەیەکی دادگا لە دژی 11 بەڕێوەبەر و ئەندام و لایەنگری پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) کراوەتەوە. هۆکاری ئەم دۆسیەیە دەگەڕێتەوە بۆ بۆنەیەکی سیاسی کە بەمەبەستی بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵای کوردستان ڕێکخرابوو.

دەستێوەردانی پۆلیس و پرۆسەی ڕووداوەکە

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە ڕاگەیاندراوی فەرمیی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستانەوە دەستمان کەوتووە، ڕووداوەکە لە 17ی کانوونی 2025دا ڕوویداوە. لەو بەروارەدا لقی ڕێکخراوەیی PWK لە ماردین ویستی بە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی لە بەردەم باڵەخانەکەیدا لە قۆسەر، ڕۆژی ئاڵای کوردستان پیرۆز بکات. لە میانی چالاکییەکەدا هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ویستیان دەست بەسەر ئاڵاکاندا بگرن و ڕێگری لە ڕاگەیاندراوەکە بکەن؛ بەڵام بەشداربووانی چالاکییەکە بەرەنگاریان بوونەوە، ئاڵاکانیان تەسلیم نەکرد و پەیامەکەیان خوێندەوە.

ئیدیعای داواکاری گشتی و بانگەوازی پشتیوانی

داواکاری گشتی بەناو دادگای دەوڵەتی تورک لە قۆسەر، سکاڵایەکی لەسەر ئەم 11 کەسە ئامادە کرد. لە سکاڵانامەکەدا ناوی ئاڵای کوردستان و ناوەڕۆکی ئاهەنگەکە باس نەکراوە؛ لەبری ئەوە، بەشداربووان بە “داخستنی ڕێگاکە و دروستکردنی ئاستەنگی هاتوچۆ”، تۆمەتبار کراون.

دانیشتنی یەکەمی ئەم دادگاییکردنە ڕۆژی سێشەممە 15ی ئەیلولی 2026، کاتژمێر 9:30خولەکی بەیانی لە دادگای قۆسەر بەڕێوەدەچێت. PWK ڕایگەیاندووە، ئەندامەکانیان لە هۆڵی دادگا تۆمەتەکانی داواکاری گشتی ڕەتدەکەنەوە و خاوەندارێتی لە بەها ڕەمزییەکانی کوردستان دەکەن. پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکی ماردین کردووە کە لە ڕۆژی دادگاییکردنەکەدا ئامادەبن و پشتیوانی لەو کەسانە بکەن کە لەسەر ڕێزگرتن لە ئاڵای کوردستان دادگایی دەکرێن.

Share