دوای کارەساتی ئاگرکەوتنەوەی زیندانی شارەکە، مەزڵووم عەبدی گەیشتە کۆبانێ

گرژییەکان کاتێک دەستیپێکرد کە گەنجێکی کورد بە ناوی سیپان حزنی (ئەندامی لیوایەکی سوپای سووریا و شەڕڤانی پێشووی هەسەدە) لە لایەن چەند کەسێکی عەرەبەوە بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کرا و سەری بڕدرا.
مەزڵووم عەبدی، موستەشاری سەرۆک کۆماری سووریا بۆ کاروباری کورد، بەمەبەستی لە نزیکەوە چاوەدێری کردنی دوایین نائارامییەکان و کارەساتی ئاگرکەوتنەوەی زیندانەکە، گەیشتە شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان.
سەردانەکەی مەزڵووم عەبدی بۆ کۆبانێ دوای ئەو کارەساتە سەختە دێت کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە لە زیندانی شارەکەدا ڕوویدا. لەم ڕووداوەدا 9 زیندانی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 20 زیندانیی دیکەش بەهۆی برینەکانی سووتاوی و هەڵمژینی دووکەڵەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوە خۆجێییەکانەوە دەستکەوتوون، مەزڵووم عەبدی بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی ئەم کارەساتە و دۆخی زیندانەکە و دوایین ڕووداوەکانی کۆبانێ، کۆبوونەوەیەکی تۆکمەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەرپرسانی ئەمنی شارەکە ئەنجامداوە. هەروەها باس لەوەش کراوە کە بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش، قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماوەی 72 کاتژمێری دیکە لە شاری کۆبانێ درێژکراوەتەوە.
هۆکار و پرۆسەی گرژییەکان
چەخماخەی سەرەکی ئەم گرژییانە لە شەوی پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026 لێدرا کاتێک کە گەنجێکی کورد بە ناوی سیپان حزنی (ئەندامی لیوایەکی سوپای سووریا و شەڕڤانی پێشووی هەسەدە) لە لایەن چەند کەسێکی عەرەبەوە بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کرا و سەری بڕدرا؛ دواتر تەرمەکەی رادەستی خێزانەکەی کرایەوە.
شەهیدکردنی سیپان حزنی بووە هۆی دەستپێکردنی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خەڵک لە کۆبانێ، قامشلۆ و زۆربەی شارەکانی دیکەی رۆژئاڤای کوردستان.
لە شاری کۆبانێ، هێزە ئەمنییەکانی هەوڵیاندا بڵاوە بە خۆپێشاندەران بکەن، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی گرژی و پێکدادان.دوابەدوای ئەوە:
– قەدەخەی هاتوچۆ بۆ چوونەژوورەوە و هاتنەدەرەوە لە کۆبانێ راگەیەندرا.
– هێزێکی گەورەی ئەمنی ڕێژیمی سووریا رەوانەی نێو شارەکە کرا.
– دەستکرا بە دەستگیرکردنی گەنجانی ناڕازی و خستنە نێو گرتووخانەوە.
ئەنجامی تێکچوونی دۆخی نێو زیندانەکەدا، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان ئاگری لە دۆشەکەکەی بەردا. ئاگرەکە بە خێرایی بە نێو تەواوی باڵەخانەکەدا تەشەنەی سەند و بەشێکی زۆری بیناکەی سووتاند. لە ئەنجامی تەواوی ئەو گرژییانەی شاری کۆبانێ و کەوتنەوەی ئاگرەکە لەنێو گرتووخانەکەدا، 9 کەس گیانیان لەدەستدا و 17 کەسی دیکەش بریندار بوون.