ئۆجەلان: کوشتنی سیپان ئیستفزازێکی ئاشکرایە دژی هاوپەیمانیی گەلان

شاندی ئیمرالی: ئۆجەلان ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی بە “پرۆڤوکاسیۆنێکی ڕوون” وەسف کردووە.
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی چەند زانیارییەکی نوێی لە بارەی کۆبوونەوەی 13ی ئەیلول لەگەڵ ئۆجەلان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ئۆجەلان شەهیدکردنی “سیپان حزنی”ی بە پرۆڤۆکاسیۆن و پیلانێک لە دژی هاوپەیمانیی گەلان وەسف کردووە.
پەروین بوڵدان، میتحەت سانجار و ئۆزگور فایق ئەرۆڵ، ئەندامانی شاندی ئیمرالیی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (DEM)، ڕۆژی 13ی ئەیلول لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە کۆبوونەوە.
شاندەکە دوای کۆبوونەوەکە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و هەڵسەنگاندنەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان بۆ پرۆسەکە بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە.
“لە ڕۆژئاڤای کوردستاندا ئیستفزازییەکی ڕوون هەیە”
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هەڵسەنگاندنەکانی ئۆجەلان بۆ ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ڕۆژئاڤای کوردستانیش بڵاوکراونەتەوە.
باس لەوەش کراوە کە ئۆجەلان ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی بە “پرۆڤوکاسیۆنێکی ڕوون” وەسف کردووە و گوتوویەتی:
“تۆ گەنجێک بە شێوەیەکی دڕندانە دەکووژێت و ئەمە دەکەیتە بیانوویەک بۆ چوونە ناو شارێک، ئەمە پرۆڤۆکاسیۆنێکی ئاشکرایە، دەبێت دەستبەجێ ئەم سابۆتاژە لە دژی زەمینەی دیالۆگ ڕابگیردرێت.”