بنەماڵەی سیپان حەسەکە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە: “ڕفاندن و کوشتن تاوانە نەک تۆڵەسەندنەوە”

بنەماڵەی سیپان: پێویستە ڕێگری لە هەموو هەوڵێک بکرێت بۆ بەکارهێنانی ناسنامەی عەشیرەتی یان نەتەوەیی بەمەبەستی پاراستنی تاوانباران.
بنەماڵەی شەڕڤان سامی شێخمووس حەسۆ، ناسراو بە “سیپان حەسەکە”، سەبارەت بە ڕفاندن و شەهیدکردنی ڕۆڵەکەیان، ڕاگەیەندراوێکی فەرمییان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە. ئەو بنەماڵەیە داوایان لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە دادگایییەکی دادپەروەرانە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستیی ئەم تاوانە پێکبێت و دادپەروەری دەستەبەر بکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سیپان لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی سەربازیی خۆیدا کراوەتە ئامانج. ئەو بنەماڵەیە جەختیان لەوە کردۆتەوە کە ئەرکی سەرباز پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵگەیە و ڕایانگەیاندووە: “هەر ڕووداوێک لە کاتی بەڕیوەبردنی ئەرکدا ڕووبدات، پێویستە تەنها لە چوارچێوەی یاسا و دادگاکاندا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. نابێ سەرباز لە دەرەوەی یاسا ببێتە ئامانجی تۆڵەسەندنەوە”.
بنەماڵەی سیپان حەسەکە ئەو ئیدیعایەشیان ڕەتکردۆتەوە کە گوایە شەهیدکردنی کوڕەکەیان لە ژێر ناوی “تۆڵەی عەشیرەتی”دا، ئەنجامدراوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەگەر ناکۆکیش هەبووبێت کە پەیوەندیی بەو کاتەوە هەبووبێت کە لە خزمەتدا بووە، دادگا کراوە بوو، بەڵام ڕفاندنی کەسێک لە ماڵەکەی خۆی و دواتر کوشتنی بەوشێوەیە، تاوانێکی ئاشکرایە و بە هیچ شێوەیەک ناکرێت وەک تۆڵەسەندنەوەی ڕەوا پیشان بدرێت.
سەبارەت بە لایەنی کۆمەڵایەتی و عەشیرەتییش، ئەو بنەماڵەیە ڕایانگەیاندووە کە ئەوان تاوانەکە ناخەنە ئەستۆی هیچ نەتەوە و عەشیرەتێک و بەرپرسیارێتی تاوانەکە تەنها لە ئەستۆی ئەو کەسانەدایە کە ئەنجامیان داوە، بەشدارییان تێدا کردووە، یان ئاسانکارییان بۆ ئەنجامدانەکەی کردووە. جگە لەوەش ئەو بنەماڵەیە جەختیان لەوە کردەوە کە بە دوای تۆڵەسەندنەوە لە هیچ کەسێک ناگەڕێن بۆ ئەوەی کەسی تر نەبێتە قوربانی ئەو جۆرە ڕووداوانە.
وەک لە هەواڵەکاندا هاتووە، داواکارییە سەرەکییەکانی بنەماڵەی سیپان بریتین لە:
ـ ئاشکراکردنی هەموو وردەکارییەکانی ڕفاندن و کوشتنی سیپان بۆ ڕای گشتی بە شێوەیەکی شەفاف.
ـ دەستنیشانکردن و دادگاییکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە تاوانەکەیان ئەنجامداوە، هاوکارییان کردووە یان بەرپرسیار بوون لە هاندانی تاوانباراندا.
ـ ڕێگریکردن لە هەموو هەوڵێک بۆ بەکارهێنانی ناسنامەی عەشیرەتی یان نەتەوەیی بۆ پاراستنی تاوانباران.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سیپان پێش هەموو شتێک کوردێکی سووریا بووە و کاری بۆ پاراستنی هەموو هاووڵاتییان کردووە. ئەو بنەماڵەیە ڕایانگەیاندووە، ئەوان داوای ئاسایش و کەرامەت و دادپەروەری تەنیا بۆ کوڕەکەی خۆیان ناکەن، بەڵکوو بۆ هەموو هاووڵاتیانی سووریاشمان دەوێت و جەختیشیان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت یاسا لە سەرەوەی هەموو کەسێکەوە بێت.