تاقمی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە منداڵێکی دیکەی کوردی لە ڕۆژئاڤا ڕفاند

تاقمی "جوانێن شۆرەشگەر"ی پەکەکە منداڵێکی دیکەی کوردی لە ڕۆژئاڤا ڕفاند

ئەو مێرمنداڵە کوردەی کە ڕفێندراوە ناوی “حەسەن ڕیاد سمۆ”یە و تەمەنی 15 ساڵانە.

چەتەکانی بەناو “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە گەنجێکی دیکەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانیان ڕفاند و ڕەوانەی شوێنێکی نادیاریان کردووە. باوکی گەنجە ڕفێندراوەکە بۆ وەرگرتنەوەی کوڕەکەی سەردانی هەموو دامەزراوەکانی سەر بە پەکەکەی کردووە، بەڵام هەوڵەکانی بێهودە بوون.

سەرچاوەکانی پێگەی “دارکا مازی” لە ڕۆژئاڤای کوردستان ئاشکرایان کرد کە چەتەکانی “جوانێن شۆرەشگەر” مێرمنداڵێکی دیکەی کوردیان بە ناوی “حەسەن ڕیاد سمۆ” ڕفاندووە، کە تەمەنی 15 ساڵە و خەڵکی شاری دێربێسیێە لە ڕۆژئاوای کوردستان و ماوەی دوو مانگە کە چارەنووسی نادیارە.

سەرچاوەکانی ئێمە دەستنیشانیان کردووە کە ئەو مێرمنداڵە لە 1ی 1ی 2011دا لەدایک بووە و بنەماڵەکەی لە لایەنگرانی پەکەکە بوون.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانە دەست ئێمە کەوتوون، باوکی حەسەن دوای ڕفێندرانی کوڕەکەی، سەردانی هەموو دامەزراوەکانی پەکەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان کردووە، بەڵام هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی کوڕەکەی سەرکەوتوو نەبووە و پەکەکە پێیان گوتووە کە “کوڕەکەت لەلای ئێمە نییە و ئەوەی لە دەستت دێت بیکە”!.

“جوانێن شۆرەشگەر”، ڕێکخستنێکی لاوانی سەر بە پەکەکەیە و بە تەعلیماتی ڕاستەوخۆی جەمیل بایک کار دەکات و ئەرکی ئەوەیە کە منداڵان بڕفێنێت و لە ڕیزەکانی پەکەکە و لقوپۆپەکانیدا چەکداریان بکات.

Share