پەکەکەی هەڵوەشاوە، دوای 2 ساڵ دوای گیانلەدەستدانی، ناسنامەی فەرماندەیەکی خۆی ئاشکرا کرد

“بێریتان چەلی لە ساڵی 1993دا تێکەڵ بە پەکەکە بووە و لە ساڵی 2024دا لە شنگال گیانی لەدەستداوە”.
ڕێکخراوی پەکەکەی هەڵوەشاوە، ئەمڕۆ ناسنامەی فەرماندەیەکی خۆی ئاشکرا کرد کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە هێرشێکی ئاسمانی سوپای تورکیادا بۆ سەر شنگال گیانی لەدەستدابوو.
پەکەکە ئەمڕۆ دووشەممە 21/9/2026 ناسنامەی یەکێک لە فەرماندەکانی بە ناوی (ئەڤفا مێراهمەتۆغلو) بە کۆدناوی “بێریتان چەلی” ڕاگەیاند کە لە ڕێکەوتی 29ی شوباتی ساڵی 2024دا لە هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر دەڤەری شنگال لە باشووری کوردستان، کرابوە ئامانج و گیانی لەدەستدابوو.
پەکەکە وەک سەدان فەرماندە و هەزاران گەریلا، مردنی هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەو فەرماندەیەی لە ڕای گشتی و بنەماڵەکەی شاردبۆوە و ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ تازە هاتووە و دەڵێت ئێمە ئەو فەرماندەیەمان لەدەستداوە، و ئەو لە فەلسەفەی ئاپۆ خوڵقابوو!!.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی هەپەگە، بێریتان چەلی خەڵکی هەکاری بووە و لە ساڵی 1993دا تێکەڵ بە پەکەکە بووە.
لە ماوەی 31 ساڵی کارکردنیدا بۆ پەکەکە، لە ناوچەکانی ئاڤاشین، زاگرۆس، زاپ، قەندیل، خواکورک، مەخموور، ڕۆژئاوای کوردستان و شنگال، ئەرکی جۆراوجۆری فەرماندەیی، ئایدیۆلۆژی و ئۆپەراسیۆنی بۆ پەکەکە ئەنجامداوە.