هۆشداریی ئۆزگور ئۆزەل دوای خۆکوشتنی ئەفسەرێکی خانەنشینکراوی پۆلیس: “لە لێواری تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیداین”

هۆشداریی ئۆزگور ئۆزەل دوای خۆکوشتنی ئەفسەرێکی خانەنشینکراوی پۆلیس: "لە لێواری تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیداین"

ئەفسەرێکی خانەنشینکراوی پۆلیسی تورکیا، بەهۆی سەختی بارودۆخی ژیان و قەیرانی ئابوورییەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، ئەفسەرێکی خانەنشینکراوی پۆلیس لە کاتی چالاکییەک بۆ داوای مافە ئابوورییەکاندا، لە بەردەم بینای دادگای دەستووری بنەڕەتیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ئەم ڕووداوە تووڕەیی و کاردانەوەی توندی لە بیاڤی سیاسی و ڕای گشتیدا لێکەوتەوە.

لە ئەنقەرە کۆمەڵێک فەرمانبەری خانەنشینکراوی حکومی و ئەفسەری پۆلیس لە بەردەم بینای دادگای دەستوریدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای مافە ئابورییەکانیان و زیادکردنی مووچەکانیان دەکرد. چالاکوانان داوایان کرد ئەو زیادکردنی مووچەیەی کە بۆ فەرمانبەرانی پلەباڵای حکومی پەسەند کراوە، بۆ ئەوانیش جێبەجێ بکرێت. لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا، ئەفسەرێکی خانەنشینکراوی پۆلیسی تورکیا، کە تەمەن 60 ساڵ بوو، بەهۆی سەختی بارودۆخی ژیان و قەیرانی ئابوورییەوە، بە چەکەکەی خۆی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئۆزگور ئۆزەل: ئێمە لە لێواری تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیداین

سەبارەت بە ڕووداوەکە ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کاردانەوەی توندی نیشاندا و ڕایگەیاند کە ئەم ڕووداوە دۆخی جددی خانەنشینان نیشان دەدات.

ئۆزەل لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە قەیرانی ئابووری خانەنشینانی گەیاندووەتە ئاستێکی مەترسیدار و وتی:

“تووڕەیییەکی گەورە لەناخی خانەنشیناندا پەنگی خواردۆتەوە. ئێمە لە لێواری تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیداین؛ ئێستا ئەو پرسە گەیشتوەتە ئاستی ڕاپەڕین. بەداخەوە کارەساتێک ڕوویداوە کە کەس نەیدەتوانی بەخەیاڵیدا بێت. پێویستە بەرپرسانی دەوڵەت یەکسەر ئاوڕێکی لێبدەنەوە و کێشەکان ببینن. ئیدی بەسە! خانەنشینێک کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت، بەڵام میدیای دەسەڵات چاوپۆشی لەو ئازارانە دەکات”.

سەرۆکی جەهەپە هەروەها داوای چارەسەری خێرا یان بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی کرد و وتی: “پێش ئەوەی ئازاری قورستر و خراپتر ڕووبدات، دەبێ یان سندوقی دەنگدان بخرێتە بەردەم هاووڵاتیان یان ڕاستەوخۆ و بێ دواکەوتن باری دارایی خانەنشینان باشتر بکرێت”.

Share