ئۆجەلان: ئامانجی ئێمە ئەنتەگراسیۆنە نەک دابەشکردنی دەوڵەتەکان، چەکدانانیش تەسلیمبوون نییە!!
ئۆجەلان: “چارەسەری لە دابەشکردنی دەولەتەکاندا نییە، چونکە ملیۆنان کورد لەگەڵ تورک و فارس و عەرەب، پێکەوە لە ناو یەک جوگرافیا و مێژوودا دەژین”.
ڕێبەری پەکەکەی هەڵوەشاوە، لەچوارچێوە پەیامێکی نوێید ڕایگەیاند: ئامانجی ئێمە ئەنتەگراسیۆن و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە نەک دابەشکردنی تورکیا، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەش تەسلیمبوون نییە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە، لە پەیامێکدا بۆ کۆنفرانسی “ئاشتی و ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک” لە لەندەن کە لەلایەن ناوەندی کاروباری کوردەوە ڕێکخرابوو، جارێکی دیکە جەختی لەسەر ئەنتەگراسیۆن و کۆمەڵگەی دیموکراتیک وەک سەرەکیترین ئامانجەکان کردەوە.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە:
هەڵوەشاندنەوە شکست نییە
بە بانگەوازی 27ی شوباتی 2025، دەرگایەکی نوێ کرایەوە، ئەرکی بزووتنەوەکەمان تەواو بووە، پێویستە پەکەکە خۆی بۆ قۆناخێکی نوێ بگۆڕێت، چونکە چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی بزووتنەوەکە بە واتای تەسلیمبوون نییە، بەڵکوو سەرەتای بنیاتنانی کۆمەڵگایە.
هەروەها گوتی: “وەکوو هەر ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕ، سەردەمی ئەرکی پەکەکە تەواو بوو، دەبێ خۆی بگۆڕێت بۆ فۆرمێکی نوێ. هەڵوەشانەوە شکست نییە، تێپەڕبوونە بۆ قۆناخێکی نوێی مێژوویی”.
ئۆجەلان ئاماژەی بەوەشکرد، چارەسەری لە سنوورکێشان و دابەشکردندا نییە، چونکە ملیۆنان کورد لەگەڵ تورک و فارس و عەرەب، پێکەوە لە ناو یەک جوگرافیا و مێژوودا دەژین.
ئامانجی ئێمە دابەشکردنی دەوڵەتەکان نییە
ئۆجەلان سەرنج دەخاتە سەر جیاوازیی ئاسمیلاسیۆن و ئەنتەگراسیۆن و دەڵێ:
“ئاسمیلاسیۆن مرۆڤەکان دەتوێنێتەوە و دوژمنایەتی زیاتر دەکات. بەڵام ئەنتەگراسیۆن یەکێتی و ئاشتی دروست دەکات، ئێمە دژی دەوڵەت نین، ئێمە دژی زیادەڕەوی لە ناوەندگەراییداین، کۆمارێکی دیموکراتیک کە کورد و گەلانی دیکە تێیدا مافی یەکسانیان هەبێت، ڕێگایەکی هەرە ڕاستە.”
هەروەها وتی: ئامانجی ئێمە دابەشکردنی دەوڵەتەکان نییە، بەڵکوو ئامانجمان ئەوەیە کە وێکڕا دیموکراسییەکی ڕاستەقینەیە بنیات بنێین. من داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بەرگری لە ئاشتی و چارەسەری و بەها دیموکراتیکەکان دەکەن، وەرن پێکەوە هەنگاو بنێن”.
لە کۆتاییدا ئۆجەلان ئاماژەی بە درێژکردنەوەی دەستی هاوکاری بۆ هەموو لایەنە ئاشتیخوازەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت نییە، بەڵکوو دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، دیموکراتیک و هاوبەشە لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.