هاوسەرۆکی شارەوانیی ئامەد: هیچ دوژمنایەتییەک لەنێوان ئۆجەلان و دەمیرتاشدا نییە

“هەتا دەمیرتاش ئازاد نەکرێت، باوەڕمان بەوە نییە کە ئەم پرۆسەیە ڕاستەقینە بێت”.
هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی گەورەشاری ئامەد ڕایگەیاند، هیچ دوژمنایەتییەک لەنێوان ئۆجەلان و دەمیرتاشدا نییە، جیاوازی بیروڕایان نییە و هەردووکیان یەک بیروبۆچوون و روانگەیان هەیە.
سەلچوک مزراکلی، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی گەورەشاری ئامەد لە باکووری کوردستان، ئیدیعاکانی هەبوونی “جیاوازی بیروڕا” لە نێوان سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ڕێبەری بەندکراوی پەکەکەی ڕەتکردەوە و وتی: “هیچ دژایەتییەک لە نێوانیاندا نییە”.
مزراکلی دوای ئازادکردنی ئەو پرسیارەی لێکرا کە “ئایا هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئۆجەلان و دەمیرتاشدا هەیە؟” لە وەڵامدا وتی: “دوو لایەنی بوونی نییە، دژایەتی نییە، ئەو جیاوازییەی کە باسی لێوە دەکرێت، دەستکردە”.
مزراکلی ڕایگەیاند کە بۆ ماوەی 4 ساڵ و 8 مانگ لەگەڵ دەمیرتاشدا لە یەک زینداندا بووین و وتی: “دەمیرتاش دەڵێت ئاشتی، ئۆجەلان دەڵێت ئاشتی، باخچەلی دەڵێت ئاشتی، ئەردۆغان دەڵێت ئاشتی، هەروەها زۆرینەی ئۆپۆزسیۆنیش هەر ئەمە دەڵێ”.
مزراکلی ڕایگەیاند کە دەمیرتاش لەسەر بەرگری کردن لە ئاشتی دەستبەسەرکراوە.
ناوبراو ڕاشیگەیاند کە میوانەکان وتوویانە، “هەتا دەمیرتاش ئازاد نەکرێت، باوەڕمان بەوە نییە کە ئەم پرۆسەیە ڕاستەقینە بێت.” دەستنیشانیشی کرد کە ئازادکردنی دەمیرتاش یەکێک لە نیشانە گرنگەکانی گەڕانەوەی سەروەریی یاسا دەبێت.