مەسرور بارزانی: پێشمەرگە بۆ رووبەڕبوونەوەی هەر هێرش و هەڕەشەیەک لەسەر کوردستان ئامادەیە

هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی داعش، لە عێراق و هەرێمی کوردستان کشانەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، دووپاتی کردەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە تۆکمە و ئامادەن بۆ ئەوەی کە ڕووبەڕووی هەر هێرش و مەترسییەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان ببنەوە.
هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئەمڕۆ چوارشەممە 30/9/2026، لە عێراق و هەرێمی کوردستان کشانەوە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی بە ناوی خەڵکی کوردستانەوە سوپاسی ھەموو ھاوپەیمانان، ئەمریکا و ھەموو وڵاتانی ئەوروپی و ھەموو ھاوپەیمانانی کرد کە یارمەتیدەر بوون لە رووبەڕووبوونەوەی و شکستپێهێنانی داعش، لە هاوکاریکردنی باشترکردنی تواناکانی ھێزی پێشمەرگە و لە پاراستنی هەرێمی کوردستاندا”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: “بێگومان ئەو ھاوکارییە و ئەو پاڵپشتی و پشتیوانییەمان لەبیر ناچێتەوە”.
مەسروور بارزانی ڕاشیگەیاند کە “کۆتاییهاتنی ئەرکیان مانای پچڕانی پەیوەندییەکان نییە، بەڵکوو شێوازی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا دەچێتە قۆناخێکی دیکەوە و لە رووی ئابووری، کولتووری، سیاسی، ئاسایش و سەربازییەوە بەردەوام دەبێت”.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە، هێشتا مەترسیی تیرۆر ماوە، بەڵام تواناکانی هێزە عێراقییەکان باشترە و هێزی پێشمەرگەش هێزێکی تۆکمەیە و ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هێرش و مەترسییەک لەسەر هەرێمی کوردستان.