سەرۆک بارزانی: پێشمەرگە ئامادەیە وەڵامی هەر جۆرە هەڕەشەیەک بداتەوە

سەرۆک بارزانی: هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە رەگی لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازی کوردستاندا هەیە و زادەی خوێنی شەهیدانە، بەردەوام دەبێت.
سەرۆک مەسعوود بارزانی بەبۆنەی کۆتاییهاتنی فەرمیی ئەرکی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە. سەرۆک بارزانی خەڵکی کوردستانی دڵنیا کردەوە کە پاراستن و ئارامیی هەرێمی کوردستان لە دەستێکی ئەمیندایە و هۆشدارییەکی توندیشی بەو لایەنانە داوە کە خەون بە تێکدانی ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستانەوە دەبینن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30/9/2026، سەرۆک بارزانی پەیامێکی لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و حکوومەتی عێراقدا واژۆ کراوە، دوایین رۆژی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانانە لە عێراق و هەرێمی کوردستان. هاوپەیمانان لە ماوەی رابردوودا پشتیوانییەکی کاریگەری هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بوون لە شەڕی دژی تیرۆر و بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەش دا، هێزەکانی هاوپەیمانان لە ماوەی مانەوەیاندا هاوکاریی بەرچاوی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگەیان کردووە و لەم پێناوەشدا قوربانییان داوە. ئێستا و دوای کۆتاییهاتنی ئەو ئەرکە، دەرگا بۆ حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوەیە تا بەپێی هەلومەرجەکان و لەپێناو پاراستنی سەقامگیریدا، رێککەوتنی دووقۆڵی نوێ لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان واژۆ بکەن.
گوتیشی: ئەو رۆڵەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە تێکشکاندنی داعش و گەڕاندنەوەی سەقامگیری گێڕاویانە، جێگەی پێزانینە. هاوکات سڵاو بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان دەنێردرێت کە یادیان هەمیشە بە بەرزی دەمێنێتەوە.
سەرۆک بارزانی راشیگەیاند، لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان، هەندێک لایەن بە لێکدانەوەی نادروست وای دەبینن کە بە نەمانی هێزەکانی هاوپەیمانان، هەرێم دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەڵک دڵنیا دەکاتەوە کە هەماهەنگییەکی بەهێز لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشە و مەترسییەک، جا ئەو هەڕەشەیە لەژێر ناوی داعشدا بێت یان هەر ناوێکی دیکە.
جەختیشیکردەوە، هەر کەس و لایەنێک خەیاڵی ئەوەی هەبێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، پێویستە بزانێت لە کوردستاندا ژمارەیەکی پێویست لە پێشمەرگە و گیانفیدای وڵات هەن کە بەرگری لە خەڵک و خاکی کوردستان دەکەن و هەر دەستدرێژییەک تێکدەشکێنن. هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە رەگی لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازی کوردستاندا هەیە و زادەی خوێنی شەهیدانە، بەردەوام دەبێت.
لەکۆتایی پەیامەکەیەدا گوتی: هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ هێزەکانی عێراقدا، ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ بەرگری، پاراستنی سەقامگیریی وڵات و نەهێشتنی هەموو جۆرە هەڕەشە و مەترسییەک.