چەکدارانی ڕێژیمی ئێران، شوانکارەیەکی کوردیان کوشت

حەوتوویەک لەوەپێش چەکدارە ئێرانییەکان کۆڵبەرێکی کوردیان لە هەمان ناوچە کوشتبوو.
ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو ڕایگەیاندووە کە لە شاری سەلاسی باوەجانی پارێزگای کرماشان، گەنجێک بە ناوی “نایب کەرەمی” بە تەقەی ڕاستەوخۆی پاسدارانی ئێران کوژراوە.
نایب کەرەمی، هاووڵاتیی تەمەن 25 ساڵی کورد و خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان، لە کاتی مەڕداری لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارستانەدا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرا.
هەنگاو ڕاشیگەیاندووە کە نایب کەرەمی خەڵکی گوندی «بانینار»ی شاری سەلاسی باوەجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و ڕۆژی سێشەممە 29/9/2026، لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕووماڵات لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی پاسدارە ئێرانییەکان کوژراوە.
ئەم ڕووداوە دوای ئەوە ڕوویداوە کە حەوتوویەک لەوەپێش چەکدارە ئێرانییەکان کۆڵبەرێکی کوردیان لە هەمان ناوچە کوشتبوو.
بەوتەی هەنگاو، کۆڵبەرە کوردەکە ناوی “محەممەد سدیق ئەوالی” و تەمەنی 28 ساڵان بووە و لە ڕێکەوتی 23ی ئەیلوولی ئەمساڵدا لە ناوچەی شێخ ساڵحی سەر بە شارستانی سەلاس و باوەجانی لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران کوژراوە.