باخچەلی: پێویستە ئەردۆغان لە ساڵی 2028دا جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری کاندید بکاتەوە

باخچەلی: پێویستە ئەردۆغان لە ساڵی 2028دا جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری کاندید بکاتەوە

باخچەلی: “لەسەر ڕێگای بنیاتنانی ‘تورکیایەکی بێ تیرۆر و ناوچەیەکی بێ تیرۆر’دا، پێویست بە گۆڕینی ئاڕاستە ناکات؛ بەڵکوو پێویستە ئەم دۆخەی ئێستا بە هەمان شێوە بەڕێوەبچێت”.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) دەڵێت پێویستە کە ڕەجەب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا جارێکی دیکە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکاتەوە. باخچەلی جەختی لەوە کردەوە کە بەمەبەستی خۆشکردنی ڕێگە لەبەردەم بەربژێربوونی ئەردۆغان، پێویستە پەرلەمانی تورکیا بڕیاری نوێکردنەوەی هەڵبژاردنەکان بدات و پرۆسەکە لە ساڵی 2028دا ئەنجام بدرێت.

دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، باسی لە ڕۆژەڤی سیاسی وڵاتەکە کرد و ڕایگەیاند کە ئەزموون و ئیرادەی ئەردۆغان لەم کاتە هەستیارەدا بۆ داهاتووی تورکیا زۆر گرنگە و وتی: “لەسەر ڕێگای بنیاتنانی ‘تورکیایەکی دوور لە تیرۆر و ناوچەیەکی دوور لە تیرۆر’دا، پێویست بە گۆڕینی ئاڕاستە ناکات؛ بەڵکوو پێویستە ئەم دۆخەی ئێستا بە هەمان شێوە بەڕێوەبچێت”.

سەرۆکی مەهەپە جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامبوونی ئەردۆغان وەک سەرۆک کۆمار لە بەرژەوەندی تورکیا و هەموو ناوچەکەدا دەبێت. ناوبراو ڕایگەیاند کە لە پێناو پاراستنی سەقامگیری سیاسی وڵاتدا، کاندیدبوون و سەرکەوتنی ئەردۆغان داواکاری سەرەکیمانە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا باخچەلی جارێکی دیکە جەختی لەسەر ڕۆڵی پەرلەمان کردەوە و ڕایگەیاند، بۆ نەهێشتنی نادڵنیاییە سیاسییەکان و دەستەبەرکردنی بەردەوامی گەشەسەندنی وڵات، ڕاستترین بڕیار ئەوە دەبێت کە پەرلەمان بڕیاری نوێکردنەوەی هەڵبژاردنەکان بدات و وڵات لە ساڵی 2028دا بچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

Share