کاروانێکی دیکە لە ئاوارەکانی سەرێ کانی گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان

مستەفا عەبدی: ئەم پرۆسەی گەڕانەوەیە بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی سەرجەم ئاوارەکان دەگەڕێنەوە و لە سەر ماڵ و موڵکەکانی خۆیان نیشتەجێ دەبن.
لە چوارچێوەی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێ کانی و گوندەوارەکانی و قەزای تل تەمردا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی 8ی ئۆکتۆبەر، چوارەمین کاروانی ئاوارەکان بەرەو ماڵ و زێدی خۆیان بەڕێکەوتن.
بەپێی زانیارییەکان ئەم کاروانەی چوارەم پێکهاتووە لە 514 خێزان کە کۆی گشتییان چوار هەزار و 584 کەسە. وەک ڕاگەیەندراوە، کاروانەکە بە ئامادەبوونی شاندێکی فەرمی و سیامەند عەفرینی جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و مستەفا عەبدی ئەندامی شاندی سەرۆکایەتی کۆمار بەرەو گوند و شارەکانی خۆیان بەڕێکەوتوون.
دوای ئەوەی کاروانەکە بەڕێکەوت، مستەفا عەبدی ئەندامی شاندی سەرۆکایەتی کۆمار بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، دوای وەرگرتنی هەموو ڕێنمایی و ڕێوشوێنە پێویستەکان بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە مەترسی تەقینەوەی مین، ئامادەکاریی پێویست بۆ پێشوازیکردن لە خەڵکی ئاوارە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێیان تەواو بووە.
عەبدی جەختی لەوەشکردەوە، ئەم پرۆسەی گەڕانەوەیە بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی سەرجەم ئاوارەکان دەگەڕێنەوە و لە سەر ماڵ و موڵکەکانی خۆیان نیشتەجێ دەبن.
مستەفا عەبدی هەروەها ڕایگەیاند، هاوکات لەگەڵ گەڕانەوەی ئەم کاروانەی چوارەم، 50 خێزان کە لە سەرێ کانی نیشتەجێ بوون، شارەکە بەجێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە گەڕەکی خوێران لە شاری حەسەکە. هەروەها ڕایگەیاندووە کە سەرجەم ئەو خانووانەی کە لە سەرێ کانی چۆڵ دەکرێن ڕاستەوخۆ ڕادەستی خاوەن ڕەسەنەکانیان دەکرێنەوە.
شایانی باسە لە ڕێکەوتی 5ی ئەم مانگەدا کاروانێکی دیکە کەوا لە 516 خێزانی ئاوارە لە کەمپ و ناوەندە کاتیەکانی تایبەت بە ئاوارەکان لە پارێزگای حەسەکە پێکهاتبوو، گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و زێدی خۆیان گوندەوارەکانی سەرێ کانی.