پەکەکە کشانەوەی تەواوی هێزەکانی لە ناوخۆ و سنوورەکانی تورکیا راگەیاند

پەکەکە: چوار تونێلی شەڕ و سەنگەرەکانی چیای “مەتینا”مان لە رۆژئاوای زاپ تێکداوە و هیچ هەڕەشەیەکی چەکداری بۆ سەر تورکیا نەماوە.
سەرکردایەتی پەکەکەی هەڵوەشاوە، ڕاگەیاندراوێکی بەبۆنەی دووەمین ساڵوەگەڕی “پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردۆتەوە و تێیدا کشانەوەی تەواوی هێزەکانی لە ناوخۆ و سنوورەکانی تورکیا و تێکدان و چۆڵ کردنی چەندین تونێل و سەنگەری شەڕی راگەیاند، هاوکات هۆشداری دەداتە دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە و دەڵی هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی و ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەماوە.
سەرکردایەتیی پەکەکە لە راگەیاندراوەکەیکدا باسی لەوە کردووە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 23ی تشرینی یەکەمی 2024 بە گوتنی “هێزی ئەوەم هەیە دۆخی پێکدادانەکان بۆ زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی بگوازمەوە” وەڵامی دەوڵەت باخچەلیی داوەتەوە و پرۆسەی ئاشتیش بەو وەڵامە دەستی پێکردووە.
راگەیاندراوەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەسەر بانگەوازی ئۆجەلان لە 27ی شوباتی 2025 چالاکییەکانیان راگرتووە و دواتریش لە مانگی ئایاری هەمان ساڵدا خەباتی چەکداری دژی تورکیا کۆتایی هاتووە. هەروەها لە مانگی تەممووزدا سەرکردایەتیی کەجەکە و 30 ئەندامیان چەکەکانیان سووتاندووە و گەریلاکانیش لە سنوورەکانی تورکیا کشانەوە بۆ دەستپێکردنی خەباتی سیاسی.
پەکەکە ئاماژەی بەوە داوە کە دوو ساڵە لە تورکیا هیچ پێکدادانێکی چەکداری نییە و خوێنی هیچ گەنجێکی کورد یان تورک نەڕژاوە، ئەمەش بەهای پرۆسەکە نیشان دەدات. سەبارەت بە هەنگاوەکانی تورکیاش گوتی، لە پەرلەمان کۆمیسیۆنێک بۆ چارەسەری پرسی کورد پێکهات و راپۆرتێکیان ئامادە کرد، بەڵام ئیرادەی سیاسیی دەسەڵاتداران هیچ هەنگاوێکی کردارییان بۆ چارەسەری نەناوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا هاتووە، یاسای چوارچێوە وەک ئەوەی ئۆجەلان دەیویست دەرنەچوو و سەرکردایەتیی بزووتنەوەکەی پەراوێز خستووە، لە هەمان کاتدا گۆشەگیریی سەر ئۆجەلانیش بەردەوامە.
سەرەڕای ئەمانەش پەکەکە رایگەیاند، بۆ ئەوەی پارتی دەسەڵاتدار هیچ بیانوویەکی نەمێنێت، چەند رۆژێک لەمەوبەر تەواوی ئەو هێزانەیان کێشایەوە کە مەترسیی پێکدادان لە ناوخۆی تورکیا دروست دەکەن، هاوکات چوار تونێلی شەڕ و سەنگەرەکانی چیای “مەتینا”ـشیان لە رۆژئاوای زاپ تێکداوە. ئێستا دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت باسی هیچ هەڕەشەیەکی چەکداری بکات.
لە کۆتاییدا پەکەکەی هەڵوەشاوە هۆشداری دەدات و دەڵێ، ئەگەر تورکیا بیەوێت کێشەیەکی 100 ساڵە چارەسەر بکات، دەبێت بێ دواکەوتن هەنگاو بنێت، بەڵام ئەگەر پارتی دەسەڵاتدار بیەوێت پرۆسەکە درێژ بکاتەوە بۆ لاوازکردنی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان، ئەوە دەبێتە گەورەترین هەڵەی مێژووی تورکیا.