تەرمی حەسەن کەلەش مامۆستا و چالاکوانی سیاسی دۆزرایەوە

تەرمی حەسەن کەلەش مامۆستا و چالاکوانی سیاسی دۆزرایەوە

حەسەن عەرەفات کەلەش (لەدایکبووی 1970)، نزیکەی 20 ساڵ بوو لە قوتابخانەی جەلاعا لە شاری ڕمێڵان مامۆستا بوو.

بنەماڵەی مامۆستا و چالاکوانی سیاسی حەسەن کەلەش پشتڕاستیان کردۆتەوە کە ئەو تەرمەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە گوندەوارەکانی دەڤەری “تل کۆچەر”ی ڕۆژئاوای کوردستان دۆزراوەتەوە، تەرمی کوڕەکەی ئەوانە. ئەو بنەماڵەیە ئەمڕۆ شەممە، 10/10/2026 ڕایانگەیاند کە تەرمەکەی لە نەخۆشخانە وەردەگرنەوە و لە زێدی خۆی واتە گوندی “سێگرکا چۆلێ”دا بەخاکی دەسپێرن.

حەسەن کەلەش، شەوی 30ی ئەیلول، لە بازاڕی شارۆچکەی گرکێ لەکێ لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ڕفێندرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. هەرچەندە چەند ڕۆژێک چارەنووسی ناڕوون بوو و هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی ڕفاندنەکەی لە ئەستۆ نەگرت، بەڵام دواجار گوندنشینانی ناوچەکە تەرمەکەیان لە گوندەوارەکانی تل کۆچەر دۆزیەوە.

حەسەن عەرەفات کەلەش (لەدایکبووی 1970)، نزیکەی 20 ساڵ بوو لە قوتابخانەی جەلاعا لە شاری ڕمێڵان مامۆستا بوو، هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمی پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا (پەدەکە ـ سە) بوو.

دوای ڕفاندنەکەی، ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS) و کۆمیتەی ناوەندیی پەدەکە-سە و مامۆستایانی ناوچەکە بە توندی ئەم کردەوە تیرۆریستییەیان شەرمەزار کرد. هەر لەو چوارچێوەیەدا، لە ڕێکەوتی 7ی ئەم مانگەدا، جێگری پارێزگاری حەسەکە سەردانی بنەماڵەی کەلەشی کرد و ڕایگەیاند کە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بە جیددی بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە دەکەن.

Share