کۆبانێ… بەهۆی تەقینەوەی دوو مین، دوو هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون

ڕوانگەی سووری: تەنها لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، 13 کەس لە سەرانسەری سووریا بەهۆی تەقینەوەی مین و پاشماوەکانی جەنگەوە گیانیان لەدەستداوە.
لە گوندەوارەکانی شاری کۆبانێ ڕۆژئاوای کوردستاندا، لە ئەنجامی تەقینەوەی دوو مین لە پاسماوەکانی شەڕ، دوو هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون، کە باری تەندروستی یەکێکیان ناجێگیرە. ڕووداوەکە لە گوندی قزلی سەر بە دەڤەری کۆبانێ ڕوویداوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ناوچەکەوە بڵاو کراونەتەوە، هاوڵاتییەک بە ناوی “ڕەشاد مستەفا حاجی موسلیم”، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، مینێکی پیدا تەقیوەتەوە و بە سەختی بریندار بووە. دوای تەقینەوەی یەکەم، کاتێک یەکێک لە کەسوکارەکەی ویستوویەتی بە هانای ڕەشادەوە بڕوات و ڕزگاری بکات، مینێکی دیکەش بەودا تەقیەوەتەوە و ئەو هاووڵاتیەش بریندار بووە. ئەو دوو بریندارە دەستبەجێ گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری کۆبانێ بۆ ئەوەی چارەسەری پزیشکی وەربگرن.
تەقینەوەی مین و تەقەمەنییەکانی دیکەی پاشماوەی جەنگ لە سەرتاسەری سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیانی مەدەنی دروستکردووە. ئەم پاشماوانەی جەنگ دەبێتە هۆی کارەساتی مرۆیی بەتایبەت لە کاتی گواستنەوە و جووڵە لەناو گوندەکاندا.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ (SOHR)، تەنها لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، 13 کەس لە سەرانسەری سووریا بەهۆی تەقینەوەی مین و پاشماوەکانی جەنگەوە گیانیان لەدەستداوە، کە 5 منداڵ و 3 ژن لەناو قوربانییەکاندا بوون. جگە لەوەش لە هەمان ماوەی مانگەکەدا 17 کەسی دیکەش بەهۆیەوە بریندار بوون.