چالاکوانان و میدیاکانی ناوچەکە، پەکەکە بە کوشتنی حەسەن کەلەش تۆمەتبار دەکەن

دامودەزگا سیاسییەکانی وەکوو (ئەنەکەسە) و (پەدەکە-سە) لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵکی ناوچەکە، داواکارن تاوانباران دەستگیر بکرێن و سزا بدرێن.
دوای ئەوەی تەرمی حەسەن کەلەش، مامۆستا و چالاکوانی سیاسی لە گوندەوارەکانی “تل کۆچەر”ی ڕۆژئاوای کوردستاندا دۆزرایەوە، بێدەنگی پەکەکە و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەو حیزبە، لەگەڵ ڕەخنە و کاردانەوەی توندی میدیا ناوخۆییەکان و چالاکانی سیاسی ڕۆژئاڤای کوردستان بەرەوڕوو بووەتەوە. چالاکوانان و سەرچاوە خۆجێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیدارە و میدیاکانی سەر بە پەکەکە لە بەرامبەر ئەم ڕووداوەدا بێدەنگییەکی تەواویان هەڵبژاردووە و بە هیچ شێوەیەک باسی ڕفاندن و کوشتنی ئەو مامۆستا کوردە ناکەن.
مامۆستا حەسەن کەلەش، ئەندامی پەدەکە ـ سە و مامۆستای قوتابخانەی جەلاع لە ڕمێڵان، شەوی 30ی ئەیلول لە بازاڕی شارۆچکەی گرکێ لەکێ لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕفێندرا و دوای چەند ڕۆژێک تەرمەکەی لە نزیک تل کۆچەر دۆزرایەوە. بە پێی کاردانەوەکانی میدیاکانی ناوچەکە، نەبوونی هیچ لێدوانێک و ئیدانەکردن و تەنانەت بڵاونەکردنەوەی هەواڵەکەی لە میدیاکانی نزیک لە پەکەکەوە، بە نیشانەی ڕاستەوخۆی بەرپرسیارێتی ئەم کارە دادەنرێت.
چالاکانی سیاسی و دانیشتووانی ناوچەکە، تاقمی “جوانێن شۆرەشگەر” کە بە باڵێکی پەکەکە ناسراوە، بە ڕفاندن و کوشتنی حەسەن کەلەش تۆمەتبار دەکەن. ئاماژە بەوە دەکرێت کە ئەم گرووپە پێشتر لە زۆر ڕووداوی هاوشێوەدا چالاکوانان و مامۆستایان و بیرمەندانی ئۆپۆزسیۆنی کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان کردۆتە ئامانج و ئەم بێدەنگییەی ئێستا تەنیا گومانەکان سەبارەت بە ڕۆڵی ئەوان لەم کارەساتەدا بەهێزتر دەکات.
دامودەزگا سیاسییەکانی وەکوو (ئەنەکەسە) و (پەدەکە-سە) لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵکی ناوچەکە، داوا دەکەن دەستبەجێ لایەنە بەرپرسەکان دەستنیشان بکرێن و تاوانباران سزا بدرێن. وەک چالاکوانان ڕوونی دەکەنەوە، سیاسەتی بێدەنگکردن و بەئامانجکردنی کەسایەتییە مەدەنییەکان و ڕۆشنبیران، زنجیرەیەک ڕووداوی بەردەوامە کە بە ئامانجی چاندن و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لە ناو کۆمەڵگەدا بەڕێوەدەچێت.