“ئێستاش گەریلاکانی پەکەکە لە دەوروبەری چیای مەتینا ماون و دەستە چەکدارەکانیان لە ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە”.
سەرچاوەیەک لە سنووری ئامێدی رایگەیاند، پەکەکە چەند تونێلێکی لە چیای مەتین چۆڵ کردووە و بۆ هێزەکانی تورکیایان جێهێشتووە، هاوکات دەنگۆی کشانەوەیان لە چیاکانی گارە و خواکوڕکیش دوورە لە راستی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەک لە دەڤەری ئامێدی بـــە کەناڵی کوردستان24ـی باشووری کوردستانی راگەیاند، چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چەند تونێلێکی چیای مەتینا کشاونەتەوە و شوێنەکانیان بۆ هێزەکانی تورکیا جێهێشتووە، تاوەکو سەربازانی تورکیا لە جێگەی ئەوان لە نێو ئەو تونێلانەدا جێگیر ببن.
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەی زانیارییەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، ئێستاش گەریلاکانی پەکەکە لە دەوروبەری چیای مەتینا ماون و دەستە چەکدارەکانیان لە ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە.
لەبارەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی کشانەوەی پەکەکە لە چیاکانی گارە و خواکوڕک، سەرچاوەکە ئەوەی خستەروو، ئەم هەواڵە بە تەواوی دوورە لە راستی و چەکدارانی پەکەکە لە هەردوو چیای گارە و خواکوڕک ماونەتەوە و هیچ پاشەکشەیەکیان نەکردووە.
ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و هەولێر، بەتایبەت چیاکانی مەتینا، گارە و خواکوڕک، لە چەند ساڵی رابردوودا گۆڕەپانی سەرەکیی شەڕ و پێکدادانی بەردەوامی سوپای تورکیا و چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوون.
لە چەند ساڵی رابردوودا، حزووری گەریلاکانی پەکەکە لە نزیک ئاواییەکان و بۆردوومانی بەردەوامی فڕۆکە و تۆپخانەکانی تورکیا، بووەتە هۆی چۆڵبوونی سەدان گوند، سووتانی رەز و باخی هاووڵاتییان و شەهیدبوونی دەیان کەسی مەدەنی لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی و ناوچە سنوورییەکانی کوردستان.