عێراق نایەوێت سەرکردەکانی پەکەکە لە خاکەکەی بمێننەوە، قەندیل چۆڵ دەکرێت

میدیای تورکیا: عێراق نایەوێت سەرکردەکانی پەکەکە لە خاکەکەی بمێننەوە، قەندیل چۆڵ دەکرێت

“ئۆجەلان هیچ پێگەیەکی فەرمیی نابێت و لەم قۆناغەدا تەنیا ئەرکی ئەو لە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدایە”.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە میدیاکانی تورکیا لە زمانی سەرچاوە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە بڵاویان کردۆتەوە، لەچوارچێوەی ئەو پرۆسەی کە دەوڵەتی تورک وەک پرۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات، چۆڵکردن و وێرانکردنی پەناگەکانی پەکەکە بە خێرایی بەردەوامە. باس لەوە دەکرێ کە دوای ناوچەکانی مەتینا و گارە، ئێستا کەمپەکانی خواکورک چۆڵ دەکرێن و چەکەکانی ناو ئەو ناوەندە لۆجستییانە دوای تۆمارکردنیان دەتەقێنرێنەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە میدیاکانی تورکیا لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەستیان کەوتووە، ئەم پرۆسەیە بە سەرپەرشتی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. دوای چۆڵکردنی ئەشکەوت و نەخۆشخانە و شوێنە لۆجستییەکانی ناوچە جیاوازەکان، گەریلاکانی پەکەکە بەرەو ناوچەی قەندیل دەڕۆن. وەک ڕاگەیەندراوە، گەڕانەوەی گەریلاکان بۆ تورکیا لە قەندیلەوە بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو و بە پێی ئەو لیستانە ئەنجام دەدرێن کە بە کونسوڵخانەی تورکیا دەدرێت و بڕیارە تا مانگی کانوونی دووەم پرۆسەی لەناوبردنی ئەشکەوت و پەناگەکان تەواو بێت.

بژاردەی وڵاتی سێیەم بۆ سەرکردەکانی پەکەکە

بە پێی ئەو یاسایەی کە لە پەرلەمانی تورکیا پەسند کراوە و بە “یاسای چوارچێوە” ناسراوە، بۆ ئەو کەسانەی کە ڕێگایان پێنادرێت بگەڕینەوە تورکیا، ڕەوشێکی نوێ هاتۆتەئاراوە. بە پێی زانیارییەکان حکومەتی عێراق نایەوێ گەریلا و کادیرانی پەکەکە لە خاکەکەی بمێننەوە، لەبەرئەوەی ناتوانن بچنە تورکیا و قەندیلیش بە تەواوی چۆڵ دەکرێ، پێشنیازی ئەوە هاتووەتە پێشەوە کە سەرکردەکانی پەکەکە بە چاودێریی تورکیا ڕەوانەی وڵاتی سێهەم بکرێن.

پرۆسەی شنگال و بنکەی تورکیا لە باشیک

چۆڵکردنی شنگال لە هێزەکانی نزیک لە پەکەکە لەژێر چاودێریی حکومەتی عێراقدا جێبەجێ دەکرێ.

 سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە: “ئەوانەی لێرەن، ئەگەر بیانەوێ دەچنە تورکیا و ئەگەریش نەیانەوێ لە عێراق دەمێننەوە. ئەگەر (پەکەکە) ئێرە چۆڵ بکات، تورکیا بنکەی باشیک چۆڵ دەکات و زەوینەسازی بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتییانی سڤیلیش بۆ تورکیا دەکرێ. لەوانەیە یەکەم گرووپیش کە دەگەڕێنەوە تورکیا، لە شنگالەوە بێت”.

پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان

سەبارەت بە گفتوگۆکان سەبارەت بەوەی ئایا عەبدوڵا ئۆجەلان لەم پرۆسەیەدا پێگەی فەرمی دەبێت یان نا، سەرچاوە ئەمنییەکان ڕایانگەیاند: “ئەو هیچ پێگەیەکی فەرمیی نابێت، شتێک بە ناوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی چەکدانان و ئاشتی، هەقێقەتی نییە و ئۆجەلان لەم قۆناغەدا تەنیا ئەرکی لە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدایە”.