پەسەکە: چەکدانانی پەکەکە لە بەرژەوەندی کوردە، بەڵام چارەسەری پرسی کورد نییە

پەسەکە: چەکدانانی پەکەکە لە بەرژەوەندی کوردە، بەڵام چارەسەری پرسی کورد نییە

پەسەکە: بۆ چارەسەرێکی ڕاستەقینە دەبێ ناسنامەی نەتەوەیی کورد بەشێوەی یاسایی دانی پێدا بنرێت و قبووڵ بکرێت.

ئەنجومەنی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە) دەرئەنجامی دوایین کۆبوونەوەی بەرفراوانی خۆی ڕاگەیاند کە لە ریکەوتی 11ی ئۆکتۆبەر لە شاری “ئامەد”ی باکووری کوردستان و لەژێر دروشمی “ئەمە کاتی نائومێدی نییە” بەڕێوەچوو.

پەسەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، چەکدانانی پەکەکە و وەستاندنی شەڕ لە بەرژەوەندی گەلی کوردستاندایە، بەڵام خستنەڕووی ئەم هەنگاوە وەک چارەسەرێک بۆ پرسی کورد، چەواشەکارییە.

لە ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە قەیرانی تورکیا دەرئەنجامی سیاسەتێکی سەدە ساڵەی نکۆڵیکردن و فشارە و حکومەتی تورکیا بە ناوهێنانی وەک پرۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” هەوڵدەدات کە ویست و داخوازییە ئازادیخوازانە و نەتەوەییەکانی کورد پشتگوێ بخات و پرسێکی سیاسی لەگەڵ تیرۆر هاوتا بکات.

پەسەکە جەختی کردۆتەوە کە بۆ چارەسەرێکی ڕاستەقینە دەبێ ناسنامەی نەتەوەیی کورد بەشێوەی یاسایی دانی پێدا بنرێت و قبووڵ بکرێت و هەروەها پەروەردە بە زمانی زگماکی مسۆگەر بکرێت و مافی خۆبەڕیوەبەریی لەچوارچیوەی سیستەمێکی فیدراڵیدا، بە فەرمی بناسرێت.

ئەنجومەنی پەسەکە هەروەها سەرنجی خستۆتە سەر پێشهاتەکانی ناوچەکە و هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانی شەرمەزار کرد و جەختی لەوە کردۆتەوە کە پاراستنی دەستکەوتەکان لە ڕێگای یەکێتی نەتەوەیی و بەهێزکردن و پتەوکردنی بەدامەزراوەییبوونی فەرمی لە باشووری کوردستاندا دەستەبەر دەبێت.