هاتیمۆگولاری: پێویستە لیژنەی ئاشتی و سیاسیبوون بخرێتە بواری پراکتیکەوە

هاتیمۆگولاری: پێویستە لیژنەی ئاشتی و سیاسیبوون بخرێتە بواری پراکتیکەوە

هاتیمۆگولاری داواکارە دەمیرتاش و یوکسەکداغ ئازاد بکرێن و “مافی هیوا” بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە جێبەجێ بکرێت.

تولای هاتیمۆگولاری هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا لێدوانی سەرنجڕاکێشی داوە. هاتیمۆگولاری داوای لە حکوومەت کرد تا بۆ پێشخستنی پرۆسەی نوێ هەنگاوی بەپەلە و کۆنکرێتی بنێن و دانانی قەییۆمەکان وەلابنرێت و بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکرێن.

هاتیمۆگولاری لە وتارەکەیدا سەرنجی بۆ بڕیارەکانی کشانەوەی هێزەکان لە خاکی تورکیا و ناوچە سنوورییەکان ڕاکێشا و ئەمەی بە “هەنگاوێکی مێژوویی” وەسف کرد. جەختیشی لەوە کردەوە کە نابێت هەنگاوە سیاسییەکان دوابخرێن یان لە چاوەڕوانی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییدا بهێڵدرێتەوە، چونکە کۆمەڵگا چاوەروانە تا ئەنجامی بەرجەستە و بەرچاو لەم پرۆسەیەدا ببینێت.

هاوسەرۆکی دەم پارتی داواکارییە سەرەکییەکانی قۆناغی ئێستای خستەڕوو و ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت، پێویستە سیاسەتی دانانی قەییۆم کۆتایی پێبێت، زیندانییە سیاسییەکانی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ ئازاد بکرێن و “مافی هیوا” بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە جێبەجێ بکرێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە ئاسانی بەڕێوە بچێت، دەبێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەلومەرجی ئازادیی ژیان و کارکردنی هەبێت.

لە درێژەی لێدوانەکەیدا هاتیمۆگولاری داوای کرد کە “لیژنەی ئاشتی و بەسیاسیبوون” کە چاوەڕوان دەکرێت بە کۆردیناتۆری ئۆجەلان کار بکات و لیژنە لاوەکییەکانی وەک “لیژنەی چاودێری، هەماهەنگی و جێبەجێکردن” بەم نزیکانە دەست بە کارەکانیان بکەن. هەروەها ڕەخنەی لە دواکەوتنی دامەزراندنی “لیژنەی چاودێری پەرلەمان” گرت و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم لیژنەیە نەک هەر نابێ تەنها ڕەمزی بێت، بەڵکوو پێویستە میکانیزمێکی چالاک بێت کە ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی لەخۆ بگرێت.