ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک

ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک

ئایا کورد دەتوانێت وەک گەلێکی ئازاد، بە زمان و ناسنامە و ئیرادەی خۆیەوە بەشداری لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بکات؟

سمکۆ عەبدولعەزیز

میللەتێک کە زیاتر لە سەدەیەکە لە پێناو پاراستنی ناسنامە و مافەکانی خۆیدا خەبات دەکات، مافی خۆیەتی بپرسێت: لە کۆتایی ئەم سەفەرە دوور و درێژەدا، ئایا ئێمە وەک نەتەوەیەکی خاوەن ماف دەناسرێین، یان تەنها وەک هاووڵاتی و بەشیوەی تاک دەناسرێین؟

ئەم پرسیارە لە گفتوگۆکان سەبارەت بە “ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک”دا گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

ئەگەر مەبەست لە ئەنتەگراسیۆن، ژیانێکی ئازاد و یەکسان بێت، ئەوکات دەرفەت بۆ ئاشتی دەڕەخسێت.

بەڵام ئەگەر کورد بخرێتە ناو سیستمی دەوڵەتەوە بەبێ ئەوەی هەبوونە نەتەوەییەکەی و مافەکانی دانیانپێدا بنرێت و بپارێزرێن، ئەوا پرسی نەتەوەیی بەرەو ئاڵۆزی دەڕوات.

مرۆڤ تەنها بە نان و ئاسایش ناژیت، بەڵکوو بە زمان و یادەوەری و پەیوەندی لەگەڵ گەل و کۆمەڵگەکەیدا ژیانی خۆی درێژە پێدەدات.

ئەگەر منداڵی کورد نەتوانێت لە قوتابخانەدا بە زمانی دایکی بخوێنێت، نەک هەر لە زمانێک بێبەش دەبێت، بەڵکوو یەکێک لە دەرگاکانی پەیوەندییەکەی لەگەڵ کولتوور و مێژووی خۆیدا بەڕوویدا دادەخرێت.

هاووڵاتیبوون گرنگە چونکە ئەرکی دەوڵەت پاراستنی مافەکانی هەر تاکێکە. بەڵام ئەگەر مافی زمانەوانی و کولتووری و نەتەوەیی دنیان پێدا نەنرێت، یەکسانی لەسەر کاغەز ناتوانێت ببێتە یەکسانییەکی تەواو لە ژیاندا.

کوردەکانی تورکیا لە خەباتی خۆیاندا قوربانییەکی زۆریان داوە. میللەت مافی ئەوەی هەیە بزانێت لە پرۆسەی ئاشتیدا چ دەسکەوتێکی دەبێت:

ئایا زمانەکەی دەچێتە ناو قوتابخانە و دامەزراوەکانەوە؟

ئایا ناسنامەکەی لە ڕێگەی دەستوورەوە پارێزراو دەبێت؟

ئایا دەتوانێت بە ئیرادەی خۆی، بەشداری لە بڕیارەکانی ژیانی خۆیدا بکات؟

ڕاگرتنی تەقە سەرەتایەکی گرنگە، چونکە ژیانی هەموو مرۆڤێک بەنرخە. بەڵام ئاشتییەکی سەقامگیر، پێویستی بە دادپەروەری و گەرەنتی یاسایی هەیە.

ڕاگرتنی تەقە مومکینە، بەڵام تا پرسی مافەکان چارەسەر نەکرێت، کێشە هەر سەرهەڵدەدات.

ئەمڕۆکەش سنوور و دەرئەنجامەکانی “ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک” هێشتا بە تەواوی ڕوون نییە. بۆیە پێویست ناکات کە پێشوەختە بڕیاری کۆتایی بدرێت و تەنها بەڵێنی مافە جێبەجێنەکراوەکان جێگەی بڕوا بگرێتەوە. واتە دەبێت گومان پێش پشتڕاستکردنەوە جێگای خۆی وەربگرێت.

بەهای هەر چارەسەرێک بەم پرسیارە هەڵدەسەنگێندرێت: ئایا کورد دەتوانێت وەک گەلێکی ئازاد، بە زمان و ناسنامە و ئیرادەی خۆیەوە بەشداری لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بکات؟