کوردستانی بچووک!

کوردستانی بچووک!

کوردستانی بچووک ئەمڕۆکە لە کالیفۆرنیا، وەک هیوا و هێمایەک بۆ هەموو کورد، بە سەربەرزییەوە ڕاوەستاوە.

شەیخموس ئۆزەنگین

چیرۆکی سدیق تۆرون و بنەماڵەکەی

لە زوڵمی ڕەشەوە بەرەو خەونەکانی سەرکەوتن.

هەندێک کەسایەتی هەن کە چیرۆکی ژیانیان تەنها سەرکەوتن نییە، بەڵکوو پڕە لە شەرەف و خۆڕاگری و بەرخۆدان دڵسۆزی نەتەوەیی. بنەماڵەی سدیق تۆرون (محەممەد سدیق تۆرون / سید تۆرون) یەکێکە لەو بنەماڵە هێژایانەی کە تەنانەت لە سەختترین ڕۆژەکانیشدا بە ئازایەتی و خۆشەویستی خۆیان بۆ نیشتمانەکەیان، خەونەکانی خۆیان لە سەر خاکێکی دوورەدەستیشدا بەدیهێناوە.

لە ساڵانی 1990دا، کە ڕۆژانە چوار بۆ پێنج کورد لە لایەن دەوڵەتی تورک و دامەزراوە هاوپەیمانەکانیەوە دەڕفێندران و دەکوژران، زوڵم و ستەم و دەستدرێژیکردنە سەر نەتەوە و وڵاتەکەمان بەردەوام بوو؛ لە ساڵانی 1993- 1994دا، دەوڵەتی تورک بە دامودەزگا کوردکوژەکانیەوە، پەلاماری م.سدیق تۆرون و خێزانەکەی دا. دەستیان بە سەر کۆمپانیاکەى، کۆشکەکەی و سەرجەم ئەو ماڵ موڵکانەىدا گرت، کە هەر لە منداڵییەوە بە ڕەنج و هەوڵ وئازایەتیی خۆی بەدەستی هێنابوو. سدیق تۆرون ناچار بوو تورکیا جێبهێڵێت و ڕوو لە ئەمریکا بکات.

لە دەستی زوڵم و ستەمکاری تورکەکان هەڵات و بۆ ماویەکی کەم لە ئاتلانتا و پاشان لە کالیفۆرنیا نیشتەجێ بوو. ئەو دەیویست خەونەکانی بێتە دی. ئەو دەیگوت: “دەوڵەتی تورک ڕێگەی نەدا خەونەکانم لە کوردستان بەدی بهێنم؛ من لێرە خاکێک دەکڕم کە هاوشێوەی خاکی کوردستان بێت و خەونەکانی خۆم بەدی دەهێنم”.

لە ساڵی 2002دا بە پاڵپشتی ناجی هاوسەری پارچە زەوییەکی گەورەی (نزیکەی 4200-4300 دۆنم) لە نەوالا ناپا بە 200 هەزار دۆلار کڕی. ناوچەیەکی دارستانی بوو، قوڵکە و بێ بەرهەم بوو. زۆر کەس دەیانگوت: “ناکرێ تۆ لێرە هیچ شتێکی گەورە دروست بکەی”. بەڵام سدیق تۆرون و بنەماڵەکەی دەستیان بە کار کرد. ناوی شوێنەکەیان ناوە “کوردستانی بچووک”. لە بەنگال و ماردین و ئامەد و ناوچەکانی تری کوردستانەوە درەختی میوە و گوێزی هیندی و بەردیان هێنا و بە دەستی خۆیان دەستیان بە بنیاتنانی خەونەکەیان کرد.

ئەمڕۆکە لەو کێڵگەیە:

بە هەزاران داری زەیتون (زیاتر لە 10-12 هەزار)، باخی ترێ، دارەکانی توو، گوێز، قەیسی و چەندین میوەی تر هەیە.

کارگەی ڕۆنی زەیت و شەرابی “ئێم ئێس تۆرۆن”ی دامەزراندووە.

هەروەها کارەکان بۆ دامەزراندنی کتێبخانەیەکی کوردی درێژەیان هەیە و هەتا مانگێکی دیکە کۆتایی پێدێت و سەرجەم بەردەکانی بینای کتێبخانەکە لە باکووری کوردستانەوە بردراوە.

دوو شوێنی میوانەکان، ڕێگای پێچاوپێچی درێژ (70-80 میل) کە ناوەکانی “قازی محەممەد، مستەفا بارزانی، سەید ڕەزا، ئەحمەد کایا، یەڵماز گونەی) و زیاتر لە 200 ناوی کوردییان لەسەرە.

مۆزەخانەی ڕۆشنبیری و مێژوو، یادەوەریەکانی نەمرود، هەولێر، ئامەد، دێرسیم و شوێنەوارەکانی کوردستان.

شوێنە نەتەوەییەکان کە هۆشیاری نەتەوەیی، ڕێباز و کەرامەتی کورد دەخەنە ڕوو.

بەهۆی نزیک بوونی لە هۆلیوودەوە، ڕیکلام و سەردانکەرانی زیادی کردووە. سدیق تۆرون؛ وەک دیپلۆماتکار و لۆبیستێکی کورد بۆ کوردستان باس لەو زوڵم و ستەمانە دەکات کە لە هەمبەر کوردستان و بەهاکانی نەتەوەی کورد و مێژووی وڵاتەکەمان بەڕێوەدەچێت. سەرنجی زۆرێک لە کەسایەتییە ئەمریکییەکان لەوانە کەسایەتییە ناودارەکانی وەک “شۆن کۆنری و کلینت ئیستوود”ی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. ساڵانە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی توویا لەوێ بەڕێوەدەچێت و هەزاران کەس سەردانی “کوردستانی بچووک” دەکەن.

ئەمڕۆکە کوردستانی بچووک بە هەموو سەرکەوتنەکانی لە نەوالا ناپا چاوەڕێی دۆست و دڵخوازانی دەکات. ئەمە تەنیا کێڵگەیەک نییە؛ ئەمە شایەتحاڵی بەرخۆدان و دڵسۆزی نەتەوەیی و سەرکەوتنە کە تەنانەت لە دووری نیشتمانیشەوە دەتوانرێت بنیات بنرێت.

ئێوە و خانەوادەکەتان سەرکەوتوو بن، کاک سدیق تۆرون و هاوسەرەکەت ناجیە!

ئەم چیرۆکە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ستەمکاران و دەستە ڕەشەکان چەندە هەوڵ بدەن، خەونی میللەتێک کە بە خۆشەویستی بۆ خاک و کەرامەت و شەرەف گەورە دەبێت، ناتوانن لەنوی ببەن!

کوردستانی بچووک ئەمڕۆکە لە کالیفۆرنیا، وەک هیوا و هێمایەک بۆ هەموو کورد، بە سەربەرزییەوە ڕاوەستاوە.