کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، دژی هیچ لایەنێک نییە، بەڵکو سەرکەوتنی دەستوور و یاسای هەرێمی کوردستانە.
پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ لە ناچالاک بوون، کارا کرایەوە. ئەم ساتەوەختە مێژووییە جارێکی دیکە نیشانی دا کە ئیرادەی گەل لە هەموو بەربەستێک بەهێزترە و لە هەر بەرژەوەندییەکی تەسک گرنگترە و سەرئەنجام هەر ئیرادەی گەل سەردەکەوێت. بەڵام لەم هەنگاوە گرنگەدا بۆ پاراستن و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان، هەندێک لایەن و تاک دەستیان بە ڕەخنەگرتن لەم پرۆسەیە کردووە؛ بەتایبەت ئەو کەسانەش کە هێرش دەکەنە سەر ئەو پەرلەمانتارانەی کە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) نەبوون و بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی پارلمانی کوردستاندا کردووە.
شەرمەزاریی سیاسی و ڕەخنەی ناعەقڵانی بەرامبەر پەرلەمانتاران
ئەو ڕەخنانەی کە لەو پەرلەمانتارانەی غەیرە پەدەکە دەگیردرێت کە ئامادەی دانیشتنەکەی پارلمان بوون، بە پێی پێوەرە دیموکراسی و نیشتمانییەکان هەژمار ناکرێن. بۆچی ئەگەر نەوەی نوێ لەگەڵ یەنەکە هاوپەیمانیی پێکبهێنێت ئەوە خیانەت نییە، بەڵام ئەگەر پەرلەمانتارێک بچێتە پەرلەمانەوە بۆ خزمەتی خەڵک و کاراکردنی دامەزراوەی دەستوریی خۆی، ئەوە دەبێتە “خۆفرۆشی و خیانەت”؟ ئەم دووڕووییە سیاسییەی هەندێک کەس و لایەن بەڕوونی ئەوە دەردەخەن کە ئامانجی ئەوان بەرژەوەندیی گەل نییە، بەڵکو پاراستنی بەرژەوەندی تەسکی حزبییە. ئایا ئەگەر یەنەکە و نەوەی نوێ بیانتوانیبا، هەتا ئێستا هەمان کاریان نەدەکرد؟ بۆچی کاتێک پێکەوە دەجووڵێنەوە، ئەمە بە “هاوکاری” دادەنرێت، بەڵام کاتێک پەرلەمانتارانی دیکە لەسەر ئەرکی یاسایی خۆیان ڕادەوەستن، دەبنە ئامانجی ڕەشکردن؟
لەو چوارچێوەیەشدا هەڵوێستی یەنەکە زۆر پرس دەوروژێنێت. بۆچی یەنەکە لە عێراق سیاسەتێک پەیڕەو دەکات بەڵام لە هەرێمی کوردستان پێچەوانەکەی دەجووڵێتەوە؟ بۆچی کاتێک حیزبێک دەخرێتە ناو گەمەیەکی سیاسییەوە مانای “گۆڵکردن و سەرکەوتن”ـە، بەڵام ئەگەر پەدەکە هەمان شت بکات یان هەنگاو بنێت لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، ئەوا بە “تێکدانی یەکڕیزیی کورد” پێناسە دەکرێت؟
هەروەها ئەم پرسیارەش بە شیوەیەکی جیددی لەبەردەم ڕای گشتیدایە: بۆچی یەنەکە لە عێراق بەڕوونی لەگەڵ ئاشتەوایی نیشتمانیدا نییە و بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆی مامەڵە ناکات، بەڵام کاتێک دەگات بە کوردستان دەڵێت: “ئەم کۆبوونەوەیە نایاساییە چونکە پێشوەختە و لە دەرەوەی پارلمان، ئاشتەوایی نیشتمانی و ڕێککەوتنی سیاسی نەکراوە”؟ ئەم هەڵوێستە ئەوە دەردەخات کە بەشێک لە لایەنەکان دەیانهەوێت لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی خۆیاندا دەست بەسەر پەرلەمان و بڕیارەکانیدا بگرن.
کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، دژی هیچ لایەنێک نییە، بەڵکو سەرکەوتنی دەستوور و یاسای هەرێمی کوردستانە. پێویستە هەموو لایەک بزانن کە پاراستنی دامودەزگاکانی گەلی کوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی کوردستانە و کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکی گرنگە بۆ داهاتوو.