خیانەت هەتا کەی؟

خیانەت هەتا کەی؟

کاتی ئەوە هاتووە کە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد، بە دەنگ و ڕەنگی خۆیان ببنە پاسەوانی گەلەکەی خۆیان و ببنە دیوارێکی پۆڵایین کە خیانەتکاران  ئیدی نەتوانن لەو دیوارە دەرباز ببن.

✍️ بووبێ ئەسەر

هاوار لە نەتەوە بێ دەوڵەتەکەی خۆم دەکەم. بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکەم، بە دەنگێکی پڕ لە ئازارەوە هاوار دەکەم، بە دەنگێکی خەمناک بانگەواز دەکەم و دەڵێم کوردینە خاوەنداری لە وڵاتەکەی خۆتان بکەن.

بۆ بنیاتنان و سەرخستنی شتە باشەکان، پێویستە بنەمای پتەو دابنرێت. ئەگەر بناخەکە خراپ بێت هەنگاوەکان بەرەو شتی باش ناگیرێنەبەر.

هەندێ کوردی خائین و خۆفرۆش، ئیدی بەهۆی کردەوەکانیان بەرامبەر گەلەکەی خۆیان، بۆگەنیویان لیدێت و لەبەر بۆنە گەنیوەکەیان ناچارن لە گەل هەڵبێن و پشت بە داگیرکەران دەبەستن.

وەک دۆخی ئێستای یەنەکە و سەرۆکەکەی کەوا هەوسارەکەی لەدەستی داگیرکەراندایە. ئیدی بە هۆی ئەو گەندەڵی و تاڵان و دزی و بەربەرییەت و زوڵم و ستەمەی کە بەرامبەر گەلی کورد کردوویانە و دەیکەن، بۆگەنیو بوون. هەر بۆیە لەبەر ئەو بۆگەنیوبوونەیان، ناتوانن لە ناو گەل و پارلمانەکەیدا بمێننەوە.

بەڕای من باش بوو کە خۆیان لەو پەرلەمانە دوورخستەوە کە بە خوێنی پێشمەرگە بنیات نراوە. ئەگەرنا ئەوێشیان وەکوو خۆیان بۆگەنیو دەکرد. بەڵام ئێستا نۆرەی پەرلەمانە کە بە زۆرینەی بەشداربووان کارا کراوەتەوە. ئیدی دەبێت ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.

وەک پەرلەمانێکی دیموکراتیک، کە لە زۆرینەی پەرلەمانتارەکان پێکهاتووە، دەبێت کاری خۆی بکات بۆ ئەوەی ئیدی ڕێگای پاراستن و هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بگیرێتەبەر.

پێویستە گەلی کورد نەترسێت و لە سەر پێی خۆی ڕابوەستێت. بۆ پاراستنی خاکی خۆیان، شەرەفی نەتەوە و گەلەکەیان، پێویستە لە دەوری بارزانییەکان کۆببنەوە. ئەوان بەهێزتر و بەتواناتر بکەن بۆ ئەوەی بتوانن مافە ڕەواکانی کورد هەم لە کوردستان و هەم لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیش بپارێزن. ماف و پاراستن، خاوەندارێتی کردن لە خۆیان و گەلەکەیان، بە هێز و توانا دەکرێ و ئەمەش خەڵک و گەل و نەتەوە دەتوانێ بە بارزانییەکانی بدات.

ئەو بارزانیانەی کە زیاتر لە سەد ساڵە لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی کوردستاندا خەبات دەکەن. هێندەی فورات و دیجلە خوێنیان بۆ کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ بەخشیوە. ئەو کوردستانەی کە ئەمڕۆکە لە باشووری کوردستان بەدەستیان هێناوە، نابی بکرێتە فیدای کەسێکی وەک بافڵ، کە هەوسارەکەی لە دەستی داگیرکەران و بەتایبەتی ڕێژیمی داگیرکەری ئێراندایە.

ئەو ڕۆژە هاتووە کە دەبێ ئیدی ئەو خەڵک و ئەندامانەی کە تا ئێستا باوەڕیان بە یەنەکە و جەلالی هەبووە، دەبێ بزانن کە بیروباوەڕتان بە هەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ئازاد پێشێل دەکەن. لە ساڵی 1966ـەوە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ یەکێتی و جەلالییەکان بەتایبەتی نەیانهێشتووە و ڕێگا نادەن کە گەلی کوردستان بە ئازادی و سەربەخۆیی بگات.

وەک چۆن باب و باپیری بافڵ نەیانتوانی پشتی بارزانیەکان لە عەرز بدەن و کورد بکەنە کۆیلەی داگیرکەران، بافڵ و قوبادی براشی هەرگیز ناتوانن ئامانجی باب و باپیرەیان بۆ لەناوبردنی بارزانییەکان و ملکەچکردنی کورد بەدیبهێنن.

بانگەواز و هاواری من بۆ گەلەکەم ئەوەیە کە نەترسن و تای مەرگ نەیانگرێت. بزانن تا بارزانی بوونی هەبێت کوردستان بەگشتی و باشووری کوردستان بەتایبەتی، بە مافە ڕەواکانی خۆی دەگات و ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوەکەیان ڕادەگەیەنن بۆ ئەوەی ڕووناکی خۆیان بدەنە بەشەکانی دیکەش.

زیاتر لە سەد ساڵە کە بارزانی شەڕی چوار داگیرکەرەکەی کوردستانی کردووە و دەیکات، بەڵام هەرگیز لەناو نەچوون. چونکە نەتەوەیی بیر دەکەنەوە. بۆیە دەڵێم: نەوەکەی ئیبراهیم ئەحمەد بەهۆی کشانەوەی لە پەرلەمانی کوردستان هەرگیز بە گەمەکردن بە پێی ویستی داگیرکەران سەرناکەوێ. سەرکەوتن بۆ گەلی کورد و پێشمەرگە قارەمانەکان و بارزانییە نەتەوەپەروەرەکان دەبێت.

کوردانی نیشتمانپەروەر، کوردانی وڵاتدۆست، کوردانی دڵسۆز بۆ گەلەکەیان پێویستە ئەمە باش بزانن، شکست یان لە مەیدان وەدەرنانی بارزانیەکان بە مانای نەهێشتن و لە مەیدان وەدەرنانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەبێت. ئەگەر ناتانەوێ لە کۆیلایەتی و ژێردەستییدا بمێننەوە، دەبێ لە ئێستادا ئیدی هەڵوێستی خۆتان بە ئاشکرا دەرببڕن.

لەم دۆخە سەخت و ئاڵۆزەدا، دروست نییە نووسەران و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و هەموو ئەوانەی وڵاتەکەیان خۆشدەوێت بێدەنگ بن. بۆیە پێویستە هەموومان بە یەک دەنگ هاوار بکەن و بڵێین:

بەسە ئیدی لە دەستی خیانەتکاران، خۆفرۆشان و بەکرێگیراوانی داگیرکەران، بە هێز و توانای خۆتان، بە بیروباوەڕ و هزری کوردستانیتان، لە دەوری بارزانییەکان کۆببنەوە توەکوو ئێمەش بتوانین ببینە حخاوەن دەوڵەتی خۆمان… بێدەولەتی بە وتای مردنە، قوڕبەسەرییە، کۆیلایەتی و زەلیلبوونە.

دەبێ ئیدی ئێوە ئەندامانی ئەم نەتەوە دێرینە، بە دەنگ و ڕەنگی خۆتان ببنە پاسەوانی گەلەکی خۆتان، ببنە دیوارێکی پۆڵایین کە خیانەتکاران و خۆفرۆشانی کورد ئیدی نەتوانن لەو دیوارە دەرباز ببن.

یان کوردستان یان نەمان.