مەسروور بارزانی: کاراکردنەوەی پەرلەمان لە دژی هیچ لایەنێک نەبوو؛ پێویستە بۆ پێکهێنانی حکوومەت هەنگاو بنرێت

مەسروور بارزانی: کاراکردنەوەی پەرلەمان لە دژی هیچ لایەنێک نەبوو؛ پێویستە بۆ پێکهێنانی حکوومەت هەنگاو بنرێت

مەسروور بارزانی: “هەرێمی کوردستان بێگومان بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە و هیچ کەسێک نە مافی ئەوەی هەیە و نە توانای ئەوەی هەیە کە بتوانێ کوردستان لەیەک جیا بکاتەوە”.

ئەمرۆ سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر چەندین پرسی گرنگی ناوخۆیی و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەوانە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2027دا..

کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت

لە سەرەتای قسەکانیدا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کرد و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە دژی هیچ لایەنێک نەبووە، بەڵکوو بۆ پاراستنی شەرعییەتی پەرلەمان و قەوارەی هەرێمی کوردستان بووە. داواشی کرد بانگەوازی سەرۆک بارزانی ببێتە بنەمایەک بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان تاکوو واز لە بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی بهێنن و بۆ پێکهێنانی حکوومەت بێنە سەر مێزی گفتوگۆ.

سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی، سەرۆکوەزیران گوتی: پارتی پەیوەندیی بەردەوامی هەبووە لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ ئەوەی کۆبوونەوە بکرێ. لە دڵەوە دەمانەوێ بەیەکەوە بتوانین حکوومەتێک پێکبهێنین کە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی کوردستاندا بێ، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت هەموو شتێک بە قەوارەی خۆی بێت و رێز لە دەنگی خەڵکی کوردستان و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگیرێت.

“هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان خیانەت بوو”

دەربارەی رەتکردنەوەی سکاڵای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدراڵیی عێراقەوە، مەسرور بارزانی سوپاسی دادگاکەی کرد و هەوڵی سکاڵاکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و قەوارەی هەرێمی بە “خیانەت لە دەستکەوتی شەهیدان و رەنجی پێشمەرگە” ناوبرد. هەروەها دەستخۆشی لە خەڵکی هەڵەبجە و سەرجەم شارەکانی کوردستان کرد کە دژی ئەو هەڵمەتە وەستاونەتەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە داهاتووی هەرێم، جەختی کردەوە “هەرێمی کوردستان بێگومان بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە و هیچ کەسێک نە مافی ئەوەی هەیە و نە توانای ئەوەی هەیە کە بتوانێ کوردستان لەیەک جیا بکاتەوە”.

هێرشەکەی سەر کۆرمۆر و پێداویستیی بەرگریی ئاسمانی

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆری بە زیانگەیاندن بە هەموو خەڵکی کوردستان و عێراق وەسف کرد و رایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە بۆ ئەوەی بە زوویی ئەنجامدەران و ئەو لایەنانەی لەپشت تاوانەکەوەن ئاشکرا بکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.

سەبارەت بە کاتی ئاساییبوونەوەی کارەبا، ئاماژەی بەوە دا، چاککردنەوەی ئەو زیانە گەورانەی بەر پاڵاوگەکە کەوتوون لایەنێکی هونەرییە و لایەنەکەی دیکەشی پەیوەستە بە دابینکردنی گەرەنتیی ئەمنی بۆ دووبارەنەبوونەوەی هێرشەکان، کە پێشتریش سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی پاراستنی ئەو ژێرخانە ئابوورییانەی دابوو.

هەروەها ئاشکرای کرد، لەمێژە داوایان لە حکوومەتی فیدراڵی، هاوپەیمانان و دۆستەکانیان کردووە هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و تواناکانی دژە مووشەک و دژە درۆن، چونکە تەنیا کێڵگە ئابوورییەکان نین، بەڵکوو پێگەی ئەمنی، سەربازی و هاووڵاتیانی سیڤیلیش کراونەتە ئامانج.

پشکی هەرێم لە بودجەی 2027 و دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا

لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، تا ئێستا بودجەکە گفتوگۆی کۆتایی لەسەر نەکراوە، بەڵام ئەو درافتەی ئامادە کرابوو “ستەم و نادادپەروەرییەکی زۆری دەرحەق بە مافی خەڵکی کوردستان تێدا بووە”، چونکە لە کۆی 216 تریلیۆن دینار تەنیا 13تریلیۆن دیناری بۆ هەرێم دیاری کردبوو، لە کاتێکدا رێژەی هەرێم 14.14%ی پێکهاتەی عێراقە و دەبێت نزیکەی 30 تریلیۆن دیناری بەر بکەوێت.

روونیشی کردەوە، لە سەردانەکەیاندا بۆ بەغدا، لەگەڵ وەزیری دارایی گفتوگۆیان کردووە و دواتریش لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون؛ لەوانە دابینکردنی مووچەی هەرێم وەکوو مووچەی هەموو خەڵکی عێراق بەبێ تێکەڵکردن بە هیچ پرسێکی تر، هەروەها بۆ دابینکردنی بودجەی وەبەرهێنان و بەگەڕخستن (تەشغیلی)، هەرێم دوو پێشنیازی خستبووە ڕوو:

1- گەڕاندنەوەی نیوەی داهاتی فیدراڵی بۆ حکوومەتی فیدراڵی لە بەرامبەر دابینکردنی بەشی وەبەرهێنان و تەشغیلی بۆ هەرێم.

2- مانەوەی تەواوی داهاتی نانەوتی بۆ هەرێم و گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتیی دابینکردنی هەموو بودجە جگە لە مووچە، لەگەڵ گەڕانەوەی تەواوی داهاتی نەوت بۆ حکوومەتی فیدراڵی کە ئێستا لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت.

مەسرور بارزانی گوتیشی: دوای گەڕانەوەم هەندێک دەستکاری کراوە و لەلایەن وەزیرەکانەوە چەند خاڵێک زیاد کراون کە لە کاتی گفتوگۆکاندا باسی لێوە نەکرابوو، جەختیشی کردەوە، گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بەردەوامن و هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی.

کەرتی گەشتیاری و دابینکردنی نەوتی سپی

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیران هاتنی گرووپی ئاکۆر و هوتێلی مۆڤنپیکی بۆ هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی دڵخۆشکەر و ئاماژەیەکی روون بۆ سەقامگیریی هەرێم و بوژانەوەی کەرتی گەشتیاری وەسف کرد و هیوای خواست کۆمپانیای تریش لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستان پرۆژەی هاوشێوە جێبەجێ بکەن.

لە کۆتاییشدا سەبارەت بە دابینکردنی نەوتی سپی بۆ زستان، گوتی: حکوومەتی فیدراڵی بەڵێنی ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی وەک کاروانی یەکەم داوە، و هیوای خواست کاروانی دیکەشی بەدوادا بێت چونکە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێم زۆر ساردن و ئەو بڕە بەشی هەموو پێداویستییەکان ناکات.