دیدارە نهێنییەکانی ئیمرالی؛ مەرجی تورکیا بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە، گارە و خواکورکە

دیدارە نهێنییەکانی ئیمرالی؛ مەرجی تورکیا بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە، گارە و خواکورکە

ڕۆژنامەی نەفەس: “ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمرالی لەگەڵ بەشێکی بەرچاو لە سەرکردە باڵاکانی پەکەکە کۆبووەتەوە”.

لە ئیمرالی پێشهاتی تازە لەئارادایە، ڕێبەری پەکەکەی هەڵوەشاوە لە چوارچێوەی ئەرکە نوێیەکەیدا لە لیژنەی چەکدانانی پەکەکە، چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە کە ڕای گشتیی لێی ئاگادار نییە و دەوڵەتی تورکیش پاککردنەوەی گارە و خواکورکی وەکوو مەرجی تەواوکردنی پرۆژەی تورکیای بێ تیرۆر دەستنیشان کردووە.

“نورای باباجان”، نووسەری ڕۆژنامەی «نەفەس»ی تورکیا ئاشکرای کرد، پێشکەوتنێک سەبارەت بە داواکارییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە بۆ دیدار لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان، سیاسەتمەداران و ئەکادیمیستەکان هاتووەتە ئاراوە. باباجان دەڵێت: «بەپێی ئیدیعایەک، چەند سەردانێک بۆ ئیمرالی ئەنجام دراون کە ڕای گشتی لێیان بێئاگایە».

ڕۆژنامەی نەفەس بڵاویکردۆتەوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشتر لە دوورگەی ئیمرالی لەگەڵ سەرکردەکانی پەکەکە وەک سەبری ئۆک، بەسێ هۆزات، جەمیل بایک، دوران کاڵکان، هێلین ئومیت و ڕاپەڕین دێرسیم کۆبووەتەوە. دوای ئەو دیدارانەی کە هەم لەلایەن پەکەکە و هەم لەلایەن دەوڵەتی تورکیاشەوە بە نهێنی هێڵرانەوە، سەردانەکان بۆ ئیمرالی هێندەی دیکەش نهێنیتر بوون. هاوکات هەردوولا هەوڵێکی تایبەت دەدەن تاوەکو دۆخی گشتیی ئیمرالی لە بەرچاوی ڕای گشتیدا ئاشکرا نەبێت.

نورای باباجان لە نووسینەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر ئەو بابەتانەی لە نێو لایەنە سیاسییەکانی ئەنقەرەدا سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت و نووسیویەتی:

«سەرەڕای ئەو لێدوانانەی باس لە چۆڵکردنی 10 ئەشکەوتی نزیک سنووری تورکیا لەلایەن پەکەکەوە دەکەن، دەگوترێت کۆگا سەرەکی و گەورەکانی چەک لە ناوچەکانی گارە و خواکورکن؛ هەر بۆیە دەوڵەتی تورکیا گرنگییەکی زیاتر بە خۆبەدەستەوەدان و تەسلیمبوون لەو ناوچانە دەدات”.

ئاماژە بەوەش دەکرێت کە ڕاپۆرتی تەواوکردنی پرۆسەکە، تەنیا دوای پاککردنەوەی تەواوەتیی ئەو ناوچانە پێشکەش دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەدا هاتووە، هیچ دەنگێکی جیاواز سەبارەت بە تەسلیمکردنی چەک لەبەرچاو ناگیرێت و ئەو پێشنیارانەی باس لە هێشتنەوەی بڕێک چەک لەسەر سنوورەکان «بۆ دۆخی نائاسایی» دەکەن، ڕەت دەکرێنەوە. هەروەها ئەو بیانووانەش کە بە پاساوی شەڕی ئێران دەهێنرێنەوە، لای ئەنقەرە جێگەی قبووڵ نین.

رۆژنامەی نەفەس دەڵێ، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی گواستراوەتەوە بۆ بینایەکی نوێ و لەژێر ناوی لیژنەی چەکدانان و دابەشکردندا دەستبەکار بووە. بەپێی هەندێک سەرچاوە، زانیاریی هێنانی زیندانیی نوێ بۆ دوورگەکە بە مەبەستی کارکردن لە «کۆمیسیۆنی چەکدانان و بەسیاسیکردن» لەلایەن سیاسەتمەدارانیشەوە بڵاو کراوەتەوە. دەوڵەتیش بە وردی چاودێریی کاریگەری و کاردانەوەی هەموو ئەو زانیارییانە دەکات کە لە نێو ڕای گشتیدا بڵاو دەبنەوە.

شیکەرەوەکان پێیان وایە تا ئێستا هیچ دژایەتییەکی جەوهەری بەرامبەر ئەم هەنگاوانە دروست نەبووە، بەڵکو قەیرانە قووڵەکانی نێو ڕۆژەڤ وایکردووە کەس نەتوانێت ئەم پرسە یەکلا بکاتەوە. لە ئێستاشدا ئەگەری دیداری ئۆجەلان لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان، سیاسەتمەداران و ئەکادیمستەکان کراوەتەوە و بەپێی ئیدیعاکان، چەند سەردانێکی نهێنی بەبێ ئاگاداریی ڕای گشتی ئەنجام دراون.!