80 نووسەر و ئەکادیمیسیەن: سلێمانی موڵکی هیچ هێزێکی سیاسی نییە

80 نووسەر و ئەکادیمیسیەن: سلێمانی موڵکی هیچ هێزێکی سیاسی نییە

“هیچ شارێک نابێت ببێتە قوربانیی ناکۆکیی حزبەکان و هیچ حزبێکیش نابێت خۆی بە تاکە دەنگی شارێک بناسێنێت”.

80 رۆشنبیر، ئەکادیمیست، نووسەر، یاساناس و چالاکوانی مەدەنی لە شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا لەژێر ناونیشانی “بانگەوازێک بۆ پاراستنی یەکێتیی هەرێمی کوردستان”، دژایەتیی خۆیان بۆ هەڵمەتی واژۆکۆکردنەوە بە مەبەستی بەهەرێمکردنی سلێمانی راگەیاند و جەختیان کردەوە کە چارەسەری کێشەکانی هاووڵاتییان لە رێگەی چاکسازی و دادپەروەرییەوە دەکرێت، نەک پارچەکردنی هەرێم.

لە بانگەوازەکەدا، کە ڕۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، واژۆکاران ئاماژەیان بەوە داوە کە هەرێمی کوردستان تەنیا سنوورێکی جوگرافی یان پێکهاتەیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکوو بەرهەمی مێژوویەکی هاوبەش، خەباتێکی درێژخایەن و ئازار و هیوای چەندین نەوەیە لە سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجەوە تا دەگاتە رانیە، قەڵادزێ، مێرگەسوور، شیلادزێ، خانەقین، کەلار و کفری، کە جیاوازییەکانیان هۆکاری دەوڵەمەندیی کوردستانن نەک دابڕان لە یەکتر.

واژۆکارانی بانگەوازەکە لە بەرامبەر هەڵمەتی بەهەرێمکردنی سلێمانیدا پرسیارێکی بنەڕەتییان ورووژاندووە و دەڵێن: ئایا کێشەی هاووڵاتییان لە یەکگرتوویی هەرێمدایە، یان لە شێوازی بەڕێوەبردن، نادادپەروەری و ناکۆکییە سیاسییەکاندا؟ روونیشیان کردووەتەوە، ئەگەر کێشە لە بەڕێوەبردندایە، دەبێت چارەسەرەکە لە چاکسازیی دامەزراوەکان، دادپەروەری لە دابەشکردنی سامان و یەکسانیی مافەکاندا بدۆزرێتەوە، نەک بە گۆڕینی سنوورەکان.

“سلێمانی موڵکی هیچ حیزبێک نییە”

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە وێڕای رێزگرتن لە مافی دەربڕینی بۆچوون، بەڵام هەڵمەتی واژۆکۆکردنەوە بەڵگەی رەزامەندیی گشتی نییە و ناتوانێت جێگەی گفتوگۆی فراوان و هەڵسەنگاندنی دەستووری، ئابووری و کۆمەڵایەتی بگرێتەوە. هاوکات دووپاتیان کردووەتەوە، هیچ شارێک نابێت ببێتە قوربانیی ناکۆکیی حزبەکان و هیچ حزبێکیش نابێت خۆی بە تاکە دەنگی شارێک بناسێنێت، چونکە نە هەرێم موڵکی هیچ حزبێکە و نە سلێمانیش موڵکی هیچ هێزێکی سیاسییە.

نووسەران و ئەکادیمییەکان لە بانگەوازەکەدا پێداگرییان لەسەر یەکێتیی کولتووری و رۆحیی کوردستان کردووە و ئاماژەیان بەوە داوە کە ناتوانرێت سیمبولەکانی مێژوو و ئەدەبی کوردی وەک مەستوورە و حەپسەخان، نالی و جەزیری، خانی و حاجی قادر، عەبدولخالق مەعرووف و حوسێن عارف، مایی و شێرکۆ بێکەس لەیەکتر جیا بکرێنەوە، چونکە هەموویان گیانێک بوون لە چەندین جەستەدا کە کوردستان دڵیان بووە.

لە کۆتاییدا، واژۆکاران داوایان لە رۆشنبیران، ئەکادیمییەکان، هونەرمەندان و یاساناسانی هەموو شارەکان کردووە بە پێوەری دەستوور و بەرژەوەندیی گشتی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکەن، و پشتگیری لەم بانگەوازە بکەن بۆ هاندانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان تاوەکو لە پێناوی قوربانییەکان و شکۆی هەرێمی کوردستاندا لە دەوری مێزی گفتوگۆ و دانوستان کۆببنەوە.