یادکردنەوەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە سەید ڕەزا و شەهیدانی شۆڕشی دێرسیم و قوربانیانی سینەمای عاموودای ڕۆژئاڤای کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستیپێکرد.
لە ساڵوەگەڕی لەسێدارەدانی ڕێبەری شۆڕشی دێرسیم، سەید ڕەزا و هاوڕێکانیدا، بە بەشداری نوێنەری پارتە سیاسییە کوردییەکان و ڕۆشنبیران و سیاسەتمەداران لە شاری ئیستەنبوڵ، بەرنامەیەک بۆ یادکردنەوەی شەهیدان و شەرمەزارکردنی دوژمنانی کوردستان ڕێکخرا.
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)ـەوە بڵاوی کراوەتەوە، ئەم ڕێڕورەسمی یادکردنەوەیە حلە ڕێکەوتی 15ی نۆڤەمبەری 2026دا لە ناوەندی دەزگای ڕۆشنبیری و لێکۆڵینەوەی کورد (کورد-کاڤ) بەڕێوە چووە.
بەرنامەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە سەید ڕەزا و شەهیدانی شۆڕشی دێرسیم و قوربانیانی سینەمای عاموودای ڕۆژئاڤای کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد و لەلایەن قاسم ئەرگون ئەندامی دەستەی کارگێڕی ناوەندیی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستانەوە بە شێوەزاری کورمانجی سەرپەرشتی کرا.
لە پانێڵەکەدا نوێنەرانی حیزب و دامەزراوە سیاسییەکان، مێژووی کۆمەڵکوژیی دێرسیم و سیاسەتی ئینکارکردن لەو قۆناغەدا شی کردەوە. “محەممەد گوڵ” بە ناوی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)ـەوە بە شێوەزاری کردکی- زازاکی و “مەنسوور کارا” بە ناوی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (PSK) و” فەرهاد کوردستانی” بە ناوی تەڤگەرە ڤەژینەوە بە شێوەزاری کورمانجی قسەیان کرد. هەروەها “محەممەد جەلال بایکارا”، سەرۆکی گشتیی کورد ـ کاڤ، بە زمانی تورکی وتارێکی سەبارەت بە گرینگیی یادکردنەوەکە پێشکەش کرد.
بەرنامەی یادکردنەوەکە بە سەرنجەکانی نووسەر سەلمان یەشیلگۆزێن سەبارەت بە ڕووداوە مێژووییەکانی دێرسیم و خوێندنەوەی شیعرێک لە لایەن شاعیر عەبدولمەجید کاپازان، ئەندامی ئەنجومەنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستانەوە کۆتایی پێهات.