هەڤبەندی: پێویستە هەڤاڵانمان دەستبەجێ ئازاد بکرێن

هەڤبەندی: پێویستە هەڤاڵانمان دەستبەجێ ئازاد بکرێن

هەڤبەندی: خاوەندارێتی لەو بڕیارانە دەکەین کە لە کۆنفرانسی دمەزراندندا پەسەند کراون و لەسەر بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی خۆمان بەردەوام دەبین.

ئەنجوومەنی هاوپەیمانیی نەتەوەیی کوردستان (هەڤبەندی) ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر هەڵمەتەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ دەستبەسەرکردنی ئەندام و بەرپرسەکانی دەربڕی کە لە 6 شار بەڕێوەچوون و داوای ئازادکردنیانی کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەی هەڤبەندیدا هاتووە کە لە هێرشەکانی ئامەد، ڕووها (ئورفا)، باتمان، ئیدر، ئەنقەرە و ئیستەنبووڵدا، 14 هەڤاڵیان دەستبەسەر کراون. لە نێو دەستبەسەرکراوەکاندا هەریەک لە بایرام بۆزیەل، سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (PSK)، مەهمەت جان ئازبای، جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) و ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەری پارتە سیاسییەکان هەن.

هەڤبەندی ڕایگەیاندووە کە کۆنفرانسی دامەزراندن لە 9ی تشرینی دووەم لە ئامەد بە شێوەیەکی کراوە بۆ ڕای گشتی بەڕێوەچووە و بە نهێنی ئەنجام نەدراوە.

ئەنجوومەنی هەڤبەندی جەختی کردەوە کە هەڵکوتانە سەر ماڵان قبووڵکراو نییە و ڕایگەیاند: «پێویستە ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون، دەستبەجێ ئازاد بکرێن».

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە کە خاوەندارێتی لەو بڕیارانە دەکەن کە لە کۆنفرانسی هەڤبەندیدا پەسەند کراون و لەسەر بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی خۆیان بەردەوام دەبن.