هاوسەرۆکی دەم پارتی: “لە نێوان تەڤگەر و دەوڵەتدا دیدار هەن و بەردەوامیشن. من لەو باوەڕەدام کە ئەم دیدارانە ڕانەوەستاون”.
تولای هاتیمۆگوڵاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، سەبارەت بە دەنگۆی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکەی هەڵوەشاوە، لێدوانێکی بڵاو کردەوە.
تولای هاتیمۆگوڵاری قسەی بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی سەبارەت بە دیدارەکان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دایەوە.
پێشتر تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، گوتبووی: «جموجۆڵێکی جددیی دیدارەکان لە ئارادایە».
هاتیمۆگوڵاری لەسەر ئەم لێدوانە ڕایگەیاند کە ئەم جووڵەیە لە نێوان دەوڵەت و ئیمرالیدایە و گوتی: «ئەو جموجۆڵە لە نێوان دەوڵەت و ئیمرالیدایە. ئەوە جووڵەیەکە لە دەرەوەی دەم پارتی، بەڵام وەک دەم پارتی هەروەک چۆن گوتم، هێشتا شاندی ئێمە نەچووەتە ئەوێ».
تولای هاتیمۆگوڵاری لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا هیچ پەیوەندییەک لە نێوان ئەوان و عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا دروست بووە یان نا، گوتی: «شاندی ئیمرالیی دەم پارتی لەو مێژووەی کە باسی لێوە دەکرێت تا ئێستا نەچووەتە دوورگەکە، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە نێوان میکانیزمەکانی تەڤگەر و دەوڵەتدا دیدار هەن و بەردەوامیشن. من لەو باوەڕەدام کە ئەم دیدارانە ڕانەوەستاون».