فەتی یڵدز: “ئەوانەی تاوانی کوشتنیان کردووە، تەقەیان لە سەربازان کردووە یان بۆمبیان بۆ هاووڵاتییان داناوەتەوە، هەروەها ئەوانەشی بە زیندانیی هەتاهەتایی دادگایی دەکرێن، ناتوانن سوود لە یاساکە وەربگرن”.
جێگری سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند، دوو هەزار و 800 سزادراو و راگیراوی پەکەکە و کەجەکە دەتوانن لە یاسای چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی سوودمەند بن، بەڵام جێبەجێکردنەکەی بەستراوەتەوە بە هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە، چۆڵکردنی ئەشکەوتەکان، رادەستکردنی چەکەکان و بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە.
رۆژی شەممە، 21ی تشرینی دووەمی 2026، فەتی یڵدز، جێگری سەرۆکی پارتی ناسیۆنالیستی تورکیا (مەهەپە) لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکدا لە ناوچەی ئوسکوداری ئیستەنبوڵ، وردەکارییەکانی یاسای چوارچێوەی ناسراو بە “تورکیای بێ تیرۆر”ـی روون کردەوە.
یڵدز رایگەیاند، لە زیندانەکانی تورکیادا چوار هەزار و 897 سزادراو و راگیراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) هەن و لەو ژمارەیە دوو هەزار و 800 کەسیان دەتوانن لەم یاسایە سوودمەند بن.
دەربارەی ئەو کەسانەشی یاساکە نایانگرێتەوە، جێگری سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوە کرد، ئەوانەی تاوانی کوشتنیان کردووە، تەقەیان لە سەربازان کردووە یان بۆمبیان بۆ هاووڵاتییان داناوەتەوە، هەروەها ئەوانەشی بە زیندانیی هەتاهەتایی دادگایی دەکرێن، ناتوانن سوود لە یاساکە وەربگرن و بۆ ئەوەش تەنیا بوونی لێکۆڵینەوە یان دادگاییکردن بەسە و پێویست بە بڕیاری کۆتایی دادگا ناکات.
بۆ ئەو کەسانەی دیکەش یاساکە دەیانگرێتەوە، یڵدز رایگەیاند، ئەگەر سزای تاوانەکەیان تا 15 ساڵ بێت، سزا، لێکۆڵینەوە یان دادگاییکردنەکەیان بۆ پێنج ساڵ دوادەخرێت، ئەگەریش سزاکە لە 15 ساڵ زیاتر بێت، بۆ 10 ساڵ دوادەخرێت.
بە گوتەی یڵدز، ئەگەر لەو ماوەیەدا کەسەکە دووبارە تاوان بکاتەوە، لێکۆڵینەوە و سزاکەی لەو شوێنەی لێی وەستابوو دەست پێ دەکاتەوە.
دەربارەی کاتی جێبەجێکردنی یاساکەش، یڵدز ئاماژەی بەوە دا، یاساکە لە مانگی ئابدا پەسەند کراوە، بەڵام چوونە بواری جێبەجێکردنی بەستراوەتەوە بە کۆتاییهێنان بە بوونی کردەیی پەکەکە و کەجەکە و هەموو پێکهاتەکانی سەر بەوان، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە، چۆڵکردنی ئەشکەوتەکان و رادەستکردنی چەک و تەقەمەنییەکان بە هێزە ئەمنییەکان.
روونیشی کردەوە، دوای پشتڕاستکردنەوەی رادەستکردنی چەکەکان لەلایەن دەستەیەکی تایبەتەوە و پەسەندکردنی راپۆرتی کۆتاییهاتنی بوونی کردەیی رێکخراوەکە بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، پاش بڵاوبوونەوەی بڕیارەکە لە رۆژنامەی فەرمیدا یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پڕۆسەی نوێی ئاشتی دوای بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە 22ی تشرینی یەکەمی 2024 دەستی پێ کرد، دواتریش عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە 27ی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە، پەکەکە لە کۆنگرەی 12یەمی خۆیدا کە لە 5 تا 7ی ئایاری 2025 بەڕێوە چوو، بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا و لە 12ی هەمان مانگدا بڕیارەکەی بە فەرمی راگەیاند؛ دواتریش لە مانگی تەمووزی 2025 یەکەم هەنگاوی هێمایی چەکدانانی نا.
لە چوارچێوەی هەنگاوە یاساییەکانی ئەم پڕۆسەیەشدا، پەرلەمانی تورکیا لە 10ی ئابی 2026 یاسای 12 بڕگەیی “بەهێزکردنی هاودەنگیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی” (یاسای ژمارە 7595)ـی پەسەند کرد و لە 18ی ئابی 2026 لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیادا بڵاو کرایەوە.