فیدان: ئیسرائیل بە بیانووی پاراستنی دروزەکان ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە دژی سووریا دەکات

فیدان: ئیسرائیل بە بیانووی پاراستنی دروزەکان ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە دژی سووریا دەکات

فیدان: ئیسرائیل هەفتانە لە ڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە چەک و تەقەمەنی دەگەیەنێتە دروزەکان و ئەم لایەنەش هەوڵ دەدات ئاڵۆزی لەگەڵ سوپای سووریا دروست بکات تاوەکو زەمینە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی خۆش بکات.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورک، لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی تورکیادا ڕایگەیاند کە ئیسرائیل سیناریۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر سووریا ئامادە دەکات و دەیەوێت بیانوویەک بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە دروست بکات.

فیدان ئاماژەی بەوە دا کە ئیسرائیل پلانی هەیە بە بیانووی پاراستنی دروزەکان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئەنجام بدات و هۆشداریشی دا کە پێویستە کارەکتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بە جددیەتێکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم ئەگەرەدا بکەن.

بە گوتەی فیدان، لە کۆی سێ هۆزە سەرەکییەکەی دروزەکان لە باشووری سووریا، دوو هۆزیان لەگەڵ حکوومەتی سووریان و لە دژی ئیسرائیل دەوەستنەوە، بەڵام ئیسرائیل پشتگیریی هۆزی سێیەم دەکات. ناوبراو دەستنیشانی کرد کە ئیسرائیل هەفتانە لە ڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە چەک و تەقەمەنی دەگەیەنێتە ئەم هۆزە سێیەمە و ئەم لایەنەش هەوڵ دەدات ئاڵۆزی لەگەڵ سوپای سووریا دروست بکات تاوەکو زەمینە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی خۆش بکات.

هۆشداری سەبارەت بە کاردانەوە هەرێمییەکان

وەزیری دەرەوەی تورکیا سەرنجی خستە سەر دەرەنجامە ئەگەرییەکانی ئەم سیناریۆیە و جەختی کردەوە کە کاردانەوەکان تەنیا بە سووریاوە سنووردار نامێنن.

فیدان هۆشداریی دا کە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی لەم شێوەیە دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ و قووڵکردنەوەی کێشە هەنووکەییەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا.