داستانی “پردێ”، وانەیەک کە خیانەتکاران و داگیرکەران ناتوانن لەبیری بکەن

داستانی"پردێ"، وانەیەک کە خیانەتکاران و داگیرکەران ناتوانن لەبیری بکەن

پێشمەرگەکانی کوردستان لە شەڕی “پردێ”دا، لەماوەی 8 کاتژمێردا 6 هێرشی لەسەریەکی دوژمنیان تێکشکاند و بە دەیان کەلاکی میلیشیاکانی حەشدو داگیرکەانیان لە گۆرڕەپانی شەڕدا ڕماند.

لەمێژووی نەتەوەی کورددا، رۆژانی پڕ سەروەی کەم نین. ئەمڕۆ 20ی ئۆکتۆبەر، یەکێک لەو رۆژانەیە کە پێشمەرگەکانی کوردستان، شەرەفێکی گەورەیان بۆ نەتەوەی کورد تۆمار کرد، کاتێک کە قەپۆزی دوژمنان و داگیرکەرانیان شکاند و سنوورێکیان بۆ خیانەتکاران دیاری کرد.

پاش 16ی ئۆکتۆبەر پێشمەرگە دەیزانی کە دوژمن نایهەوی راوەستێت

پاش خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 کە لەلایەن گرووپی خیانەتکارانی کاڵفامی ناو یەکێتی نیشتمانیەوە ئەنجامدراو تێیدا بەشێکی زۆری خاکی کوردستان لەکیس کورد چوو و میلیشیاکانی حەشد و هێزە داگیرکەرەکان دەستیان بەسەردا گرتەوە، نیاز و ئامانجی سەرەکی خیانەتەکە بە تەواوی دەرکەوت.

رێکەوتنی خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر کە لەنێوان عێراق و ئێران و گرووپی خیانەتکاراندا پێکهاتبوو، ئامانجی تەنها داگیرکردنی کەرکووکی دڵی کوردستان نەبوو، بەڵکوو ئەوان دەیانەویست قەوارەی سیاسی باشووری کوردستان بەتەواوی لەناو ببەن. هەربۆیە دەروازە سنووریەکان بەتەواوی داخران و گەمارۆی سیاسی و ئابووری خرایە سەرباشووری کوردستان. لەو کاتەدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئامادەکاریی دەکرد، ئەوان دەیانزانی کە دوژمن نایهەوێ راوەستێت و بەتەواوی هەستیان بەوە کردبوو کە مەترسییەکی گەورە هەڕەشە لە نیشتمانی جوانی کوردەکان دەکات.

مەسعوود بارزانی لەو قۆناخەدا لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کۆبۆوە. داگیرکەران دەیانهەویست لە سحێلا و پردێ، هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر درێژە پێبدەن بەڵام پێشمەرگە بەرەنگارییەکی بێ هاوتای کرد. پێشمەرگەکان لە پردێ تانکی ئابرامزی داگیرکەرانیان تێکشکاند، بەسەدان چەکداری میلیشیاکان و سوپای داگیرکەران بوون بە قوربانیی سیاسەتی داگیرکەرانەو شۆڤینی و لە ئاشی شەڕدا هاڕان. پێشمەرگە نەیهێشت پردێ و سحێلا بکەویت و بەمەش رێگای نەدا تەنها قەوارەی سیاسی کوردەکان لە باشووری کوردستان بکەوێت.

پێشمەرگە خەیاڵی خیانەتکارانی لەناو برد

میلیشیاکانی حەشد بەهاوکاری و چاوساغی گرووپی “کاڵفامان” لە رێکەوتی 20/10/2017دا دەیانەویست لە رێگای شارۆچکەی “پردێ”یەوە بە دەستەواژەی داگیرکەرانەی “سەپاندنی یاسا”وە، پەلاماری پایتەختی باشووری کوردستان بدەن و قەوارەی یاسی ئەو پارچەیەی کوردستان بەتەواوی لەناو ببەن. بەڵام پێشمەرگەکانی کوردستان لەوێدا وانەیەکی وایان بە خیانەتکاران و داگیرکەرانی کوردستان دادا کە بەناچاری سەرشۆڕانە پاشەکشەیان کرد و خەیاڵی خاویان بوو بە بڵقی سەر ئاو.

جەنگی پردێ بە گوللـە هاوەنێک دەستی پێکرد کە سپای پاسدارانی ریژیمی ئیران تەقاندی، بەڵام ئەو شەڕە بە تێکشکاندنی تانکی “ئابرامز ئێم وان”ی ئەمەریکی کە یەکێک لە بەهێزترین و پێشکەوتوو ترین تانکە سەربازییەکانی جیهان دادەنرێت و هەروەها بە کوژرانی سەدان میلیشیا و سوتانی دەیان هامەر و باجەری داگیرکەران کۆتایی پێهات.

بەپێی ئەو زانیاریانە “دارکا مازی” هەیەتی لەو شەڕەدا هێزێکی خیانەتکاران سەر بە لاهوور شێخ جەنگی و هێزێکی مەڵبەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هاوکاری داگیرکەرانیان دەکرد و زانیارییان لەسەر سەنگەری پێشمەرگە بە دوژمنان دەدا و ئەوەش بوو بە هۆی ئەوە کە بە دەیان پیشمەرگە شەهید بوون.

میدیاکانی سەر بە گرووپی “کاڵفامان” و بەشێک لەو میدیایانەی کە لەژێر ناوی میدیادا، شەڕیکی قێزەون و چەپەڵیان دژ بە پێشمەرگە دەستپێکردبوو و لەبەرەی دوژمنەوە رووماڵی شەرەکەیان دەکرد. ئەو بەناو میدیایانە هەوڵیان دەدا بە هەواڵی چەواشەو ناڕاست، هاوکاریی داگیرکەران بکەن و بە خەیاڵی خۆیان ورەی پێشمەرگەکان تێکبشکێنن. جارێک دەیانگوت (قوشتەپە داگیر کرا)، جارێکی دیکە دەیانگوت (بنەمالەی بارزانی بەرەو تورکیا رۆیشتوون)، جارێکی بڵاویان دەکردەوە کە (پێشمەرگەکانی سەر بە پارتی شارۆچکەی پردی بوردومان دەکەن) و جاری واشبوو دەیانگوت (پێشمەرگەکانی پارتی بەشیوەیەکی نائینسانی هەڵسوکەوت لەگەڵ دیلەکانی حەشد دەکەن). ئەمانەش هەمووی بۆ هاریکاری کردنی دوژمن و بێ مۆرال کردنی پێشمەرگەکان دەگوتران. ئەگەر وا نیە بۆچی ئەوان لە بەرەی دوژمنانی کوردەوە ئەو شەڕەیان رووماڵ دەکرد؟

شەری پردێ وەکوو ڕۆژێکی پڕ سەروەری چۆتە مێژووی کوردانەوە

پێشمەرگەکانی کوردستان لە شەڕی “پردێ”داو لەماوەی 8 کاتژمێردا 6 هێرشی لەسەریەکی دوژمنیان تێکشکاند و بە دەیان کەلاکی چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدیان لە گۆرڕەپانی شەڕدا ڕماند.

لەکاتی شەرەکەدا میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حیزبوڵڵای لوبنانی لەگەڵ پاسدارەکانی ئێراندا لە هیران و نازەنین چاوەڕێی ئەوە بوون کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە “پردێ” تووشی شکست ببێت، پاش ئەوەی زانیان کە پێشمەرگە تێکناشکێت، ناچار بوون ملشۆڕانە پاشەکشە بکەن و پیلانی لەناوبردنی قەوارەی سیاسی هەریمی کوردستانیش کە بە هاوکاری گرووپی کاڵفامانی خیانەتکاردایانڕشتبوو، سەری نەگرت و بوو بە بڵقی سەر ئاو.

شایانی ئاماژەپێدانە کە هێزێکی پیشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پارتی ئازادی کوردستان بە فەرماندەیی حوسێن یەزدانپەنا لە داستانی پردێدا بەشداریی چالاکانەیان کرد و رۆڵی بەرچاویان هەبوو.

شەڕی پردێ کە داگیرکەران بە گولـلە تۆپێک دەستیانپێکرد، پێشمەرگەکانی گیانفیدای نیشتمان بە گۆرانی “ها گولا تەمە” کۆتاییان پێهێنا و شکۆیان بۆ گەل گەڕاندەوە. پێشمەرگەکان وانەیەکی لەبیرنەکراویان پیشانی خیانەتکاران و دوژمنان داو “پردێ” وەکوو رووداوێکی پڕ سەروەری لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازانەی کوردستاندا، تۆمار کرا.

پوستێن ھەمان بەش