پەکەکە تەنها دوو بژاردەی لەبەردەم لاوانی رۆژهەڵاتدا هێشتۆتەوە کە یان دەبێت تێکەل بە پەکەکە بن، یان بە رێژیمی ئێران بە گرتن دەدرێن.
لەکاتێکدا کە تاوان و جینایەتەکانی پەکەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا رۆژبەڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنن، بەڵام بەداخەوە هیچکەس خۆی لە گەلی رۆژهەڵاتی ناکات بە خاوەن و باسی ئەو ئێش و ئازارانە ناکەن کە کوردانی رۆژهەڵات بەهۆی پەکەکەوە تووشی دەبن. پەکەکە لە سەرجەم ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا و بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە ئەو تێیدا باڵادەستە، تاوان و جینایەتی قێزەون دژ بە خەڵکی کوردی ئەو بەشەی نیشتمان ئەنجام دەدات.
پەکەکە لە ناوچەکانی “خۆی، سەڵماس، ماکۆ، چالدێران، پۆلدەشت، قەرەجیادین و هتد..” کە سەرجەمیان 11 شار و شارۆچکەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبن و زۆربەیان لە ژێر دەسەڵاتی پەکەکەدان، جینایەت و تاوانی زۆر گەورە و قێزەون ئەنجام دەدات و هەتا ئێستاش هیچکام لە حیزب و لایەنە کوردیەکان لە دژی ئەو جینایەتانەی پەکەکە وەدەنگ نەهاتوون و تەنانەت دەترسن کە لەمیدیاکانیشیاندا باس لەو جینایەتانەی پەکەکە بکەن.
ئەو ناوچانەی کە لە باکووری رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتوون، بەهۆی کەمکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵات بۆتە شوێنی نفووزی پەکەکە و هەروەکوو ئەوەی بڵێی هیچ حیزبێکی دیکە بوونی نەبێت. واتە ئەو ناوچانە بوونەتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە و پەکەکە هەر شتێکی بوێت لەو ناوچانەدە بە بێ ترس ئەنجامی دەدات.
هاووڵاتییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی “سلێمان کەریمی” بە پیگەی “دارکا مازی”ی راگەیاند: “پەکەکە بە هەزاران لاوی کوردی ئەو ناوچانەی ناچار کردووە کە کۆچ بکەن و بەرەو ناوچەکانی دیکە بڕۆن. پەکەکە بەشێک لەو لاوانەی بە ڕێژیمی ئێران بەدەستەوە داوە و بە بیانووی هاوکاری کردنی حیزبە نەتەوەییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆربەیان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە. بۆ نموونە پەکەکە کەسێک بەناوی “فەسیح یاسەمەنی” خەڵکی گوندی “هندوان”ی ناوچەی کوتوولی سەر بە شاری خۆی بە ئێعدام کردن داوە. سادق سادقی کە لەگەڵ فەسیح بوو، لاقێکیان بڕیەوە و سزای 30 ساڵ زیندانی کردنیشیان بەسەردا سەپاند. رەزا فەهیمی لاوێکی دیکەی کورد سزای 15 ساڵ زیندانی کردنی بەسەردا سەپا. پەکەکەییەکان لە ماکۆیش هاووڵاتییەک بەناوی “شیرین عەلەم هولی”یان بە گرتن دا و دواتر لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لەسێدارە درا. پەکەکە هەروەها “زەینەب جەلالیان”ی لە ماکۆ بە گرتن دا و لەلایەن ریژیمی ئێرانەوە زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپا. “سەید سامی و سەید جەلال” دوو لاوی شاری سەڵماس لەلایەن پەکەکەوە بە گرتن دران و رێژیمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندن. بە سەدان نموونەی دیکەی لەوشێوەیە هەن کە دەیسەلمینن پەکەکە بە سەدان کەسی لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە رێژیمی ئێران بە گرتن داون و بەشێکیان لە لایەن رێژیمەوە لەسێدارە دراون و بەشێکیشان زیندانی هەتاهەتایی و زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپاوە. بە کورتی کەمترین سزای سەپێندراو بە سەر ئەو کەسانەی کە پەکەکە بە رێژیمی ئێرانی بە گرتن داون، زیندانی کران بۆ ماوەی 5 ساڵ بووە. پەکەکە تەنها لەبەر پاراستنی بەرژەوەندییە حیزبیەکانی ترس و خۆف و دڵەراوکێیەکی زۆری لە دڵی کوردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا خوڵقاندووە”.
سلێمان کەریمی ئاشکراشی کرد کە “ئەو لاوانەی کە تێکەڵی پەکەکە بوون و دواتر رووی راستەقینەی پەکەکەیان بۆ دەرکەوتووە و لەو حیزبە جودا بوونەتەوە و گەڕاونەتەوە لای بنەماڵەکانیان، لە ئەنجامی زەخت و فشارەکانی پەکەکەدا بۆ سەر بنەماڵەکانیان یان ناچار بوون روو لە باشووری کوردستان بکەن یان رێگایەکی دیکەی نادیار بگرنە بەر. پەکەکە بە هاوکاری و هاوپەیمانی لەگەڵ ریژیمی ئێراندا زەختێکی زۆری بۆ سەر ئەو لاوانەی رۆژهەڵات و بنەماڵەکانیان دروست کردووە کە تەنها بۆ ماوەیەک تیکەڵ بە پەکەکە بوون و پاش ئاگادار بوون لە مەرام و رووی راستەقینەی پەکەکە لەو حیزبە جودا بوونەتەوە”.
بەپێی زانیاریەکانی پێگەی “دارکا مازی” لە سەرجەم ئەو گوندانەی کە لەسنووری ئەو شارانەی باکووری رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەڵکەوتوون، بڕیارگەی سپای پاسداران دامەزراون و بە هۆی ئەو زوڵم و ستەمەی کە پەکەکە لە خەڵکی رۆژهەڵاتی دەکات ژمارەیەکی بەرچاو لە لاوانی ئەو ناوچەیە بوون بە جاش “خۆرۆجی” و چەکی رێژیمی ئێرانیان هەڵگرتووە. لەلایەکی دیکەوە پەکەکە لە سەرجەم ئەو گوندانەدا خەڵکەکە ناچار دەکات کە باج بە پەکەکە بدەن و رێژەیەکی بۆ دیاری کردوون و گوندنشینەکان ناچار دەکات ئەو رێژە پارەیەی کە بۆی دیاریی کردوون بە پەکەکە بدەن و ئەگەر کەسانێکیش توانای ماڵیەکەیان ئەوەندە نەبێت و نەتوانن یانیش نەیانهەوێت باج بە پەکەکە بدەن، لەلایەن گریلاکانی پەکەکەوە سووکایەتییان پێ دەکرێت و لە بەرچاو خەڵکی گوندەکەوە ئیهانە دەکرێن و بێحورمەتییان پێ دەکریت.
ئەو هاووڵاتیەی رۆژهەڵات هاوکات ئاشکراشی کرد کە پەکەکە گەورەترین زەربەی لە عەشیرەتە کوردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوە و بۆ نموونە بە هەزاران لاوی عەشیرەتی “جەلالی” کە بە یەکێک لە گەورەترین عەشیرەتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ێیتە ئەژمار، ئاوارە و دەربەدەر کردووە. پەکەکە سەرجەم دەرەتانەکانی ژیانی لەو لاوانە سەندووە و تەنها دوو بژاردەی لەبەردەمدا هێشتوونەتەوە کە یان دەبێت تێکەل بە پەکەکە بن و سیستمی پەکەکە قبووڵ بکەن، یان بە بیانووی جۆراوجۆر بە رێژیمی ئێران بە گرتن دەدرێن.
پەکەکە تەنانەت سەرچاوەکانی بژێوی ژیانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانیشی بەتەواوی خستۆتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، بەچەشنێک هەموو ئەو شوێنانەی کە دەرەتانی کاری بازرگانیی تێدا هەبێت، خستۆتە ژێر دەسەڵاتی خۆی. پەکەکە تەنانەت روحم بە کۆڵبەرانی کوردیش ناکات و لە سەر سنوور و لەو شوێنانەی کە کۆڵبەران پێیدا هاتووچۆ دەکەن، لە ژێر ناوی باجدا پارەیان لێوەردەگرێت و ئێش و ئازار و دژواریەکانی ژیانی کۆڵبەرانی بەلاوە گرینگ نیە.