پۆڵات جان لە فەرانسە داوای مافی پەنابەرایەتی دەکات

لەبەر ئەوەی بەڵێنی دابوو کەرێگا نەدات وێنەکانی ئۆجەلان لە رۆژئاوای کوردستان بەرز بکرێنەوە، پەکەکە دەیهەویست بیکووژێت.
“پۆڵات جان” جێگری پێشووی سەرۆکی هەسەدە کە چەند مانگ لەوەپێش لە رۆژئاوای کوردستان رایکردبوو، لە ئێستادا لە فەرانسەیە و داوای مافی پەنابەرایەتی دەکات.
پێگەی “دارکا مازی” یەکەم پێگەی میدیایی بوو کە هەواڵی هەڵاتنی “پۆڵات جان”ی لە رۆژئاوای کوردستان و ناکۆکیەکانی ناوبراوی لەگەڵ پەکەکە بڵاو کردبۆوە.
“دارکا مازی” لە رێکەوتی 23ی نیسانی ئەمساڵدا (2022)دا ئاشکرای کردبوو کە پۆڵات جان بە فەرمانی کۆنسەی پەکەکە لە قەندیل و لە ژێر گوشارەکانی “باهۆز ئەردال”دا، بە نهێنی دەربازی باشووری کوردستان بووە و ماوەیەکی زۆر لە شاری سلێمانی ماوەتەوە بۆ ئەوەی لەوێوە بڕواتە قەندیل. “دارکا مازی” لەو کاتەدا ئەو پیلانەی ئاشکرا نەکردبوو کە پەکەکە بۆ “پۆڵات جان”ی داڕشتبوو، بەڵکوو تەنها باسی لە هۆکارەکانی رۆیشتنی پۆڵات لە رۆژئاوای کوردستان کردبوو.
“دارکا مازی” بۆی ئاشکرا ببوو کە پەکەکە بڕیاری تەسفیە کردنی “پۆڵات جان”ی داوە و هەر بۆ ئەو مەبەستەش بانگهێشتی قەندیلی کردبوو، بەڵام پۆڵات کاتێک کە گەیشتبووە سلێمانی، بەو پێلانەی پەکەکەی زانیبوو، هەربۆیە لەوێیەوە یەکسەر بەرەو ئیمارات هەڵهاتبوو.
سەرچاوکانی “دارکا مازی” ئاشکرایان کردووە کە پاش ئەوەی بۆ ماوەی چەند مانگێک لە ئیمارات مایەوە، لە ئێستادا “پۆڵات جان” گەیشتۆتە فەرانسە و لەوێ داوای مافی پەنابەرایەتیی کردووە.
یەکێک لە ئەرکەکانی “پۆڵات جان” لە رۆژئاوای کوردستاندا، هاوئاهەنگیکاری هێزی سووریای دێموکراتیک “هەسەدە” لەگەڵ هێزی کوالیسیۆنی نێودەوڵەتی بووە و لە پەیمانێکدا کە لەگەڵ هێزی کوالیسیۆنی نێودەوڵەتی واژۆی کردبوو، بەڵێنی دابوو کە ئیدی ریگا نەدات وێنەکانی ئۆجەلان و هێماکانی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە بەرز بکرێنەوە.
بەپێی زانیاریەکان ئەو واژۆیەی “پۆڵات جان” بۆتە هۆکار بۆ ئەوەی کە پەکەکە بڕیاری تەسفیە کردنی بدات و لە راستیدا هەر بۆ ئەو مەبەستەش بانگهێشتی قەندیل کرابوو. بەڵام پۆڵات کاتێک کە گەیشتۆتە شاری سلێمانی باشووری کوردستان لەو پیلانەی پەکەکە ئاگادار بووە و هەربۆیە یەکسەر هەڵاتووە بۆ ئیمارات و خۆی لە پیلانەکەی پەکەکە رزگار کردبوو.