زیادکردنی کرێی هاتوچۆ ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی کۆبانێ زیاتر دەکات

زیادکردنی کرێی هاتوچۆ ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی کۆبانێ زیاتر دەکات

نرخی لیترێک بەنزین لە 525 لیرەی سووریەوە گەیشتۆتە 2100 لیرە و لە بازاڕی ڕەشیشدا لە 1200 لیرەوە گەیشتۆتە 4100 لیرە.

لە 17ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023دا بەڕێوەبەریی پەیەدە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کرێی هاتوچۆی بەرز کردەوە و ئەوەش ناڕەزایەتیی گەورە و بەربڵاوی هاووڵاتیانی شاری کۆبانی و گوندەکانی دەوروبەری لێکەوتۆتەوە.

بەڕیوەبەریی گشتیی گواستنەوە سەر بە بەڕێوەبەریی پەیەدە لە شاری کۆبانێ ڕۆژئاوای کوردستان دا بڕیاریداوە کە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کرێی هەتاوچۆ زیاد بکات. بەجۆرێک کە کرێی هاتوچۆ لە ناو شاری کۆبانییەوە بۆ دەروازەی سنووریی سێمالکا/فیشخابوور لە سنووری هەرێمی کوردستان، لە 65 هەزار لیرەی سووریەوە بۆ 90 هەزار لیرە بەرز بۆتەوە.

نرخی هاتووچۆ لە شاری کۆبانی بۆ شاری قامیشلۆ بۆ 52 هەزار لیرەی سووری بەرز بۆتەوە.

بڕیاری بەرزکردنەوەی کرێی هاتووچۆ مانگێک پاش بڕیاری گران کردنی نرخی سووتەمەنی (مازۆت ـ بەنزین) دێت کە بەڕیژەی 400٪ گران کرا. بەپێی بڕیارە نوێیەکە، نرخی لیترێک بەنزین کە بۆ ئوتۆمبێلە گەشتیاریەکان تەرخان کراوە، بەرێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و گەیشتۆتە 2100 لیرەی سووری، کە پێشتر لیترێک بە 525 لیرەی سووری بوو.

نرخی لیترێک بەنزین لە بازاڕی ڕەشدا گەیشتۆتە 4100 لیرە کە بەهاکەی پیشتر 1200 لیرە بوو.

ئەو بەرزبوونەوەی نرخانە ناڕەزایەتی و ڕەخنەی توندی هاووڵاتیانی لێکەوتۆتەوە و زۆرینەی خەڵک لەو بڕوایەدان کە بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی و کرێی هاتووچۆ بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ داهاتی ئەواندا ناگونجێت و بارگرانیی زیاتری لەسەر دۆخی ژیانی چینی کەم داهات دروست کردووە.

بەڕێوەبەریی پەیەدە بەمەبەستی پابەندکردنی خەڵک بەجێبەجێ کردنی بڕیارەکە، ئاگادارییەکی بڵاو کردۆتەوە و هۆشداریی بە خەڵک داوە کە هەرکەسێک ئەو نرخانە پێشێل بکات ئەوا بە بڕی 300 هەزار لیرە سزا دەدرێت و هەروەها بۆ ماوەی 15 ڕۆژ کار کردنی لێ قەدەغە دەکرێت.

پوستێن ھەمان بەش