دەوڵەتی تورک ڕۆژانە 25 هەزار بەرمیل نەوت لە گابار دەردەهێنێت و پەکەکەش دەنگی لێوە نایە

دەوڵەتی تورک ڕۆژانە 25 هەزار بەرمیل نەوت لە گابار دەردەهێنێت و پەکەکەش دەنگی لێوە نایە

پەکەکە هیچ هەنگاوێکی دژ بە ئابووریی تورکیا و پرۆژەی هەڵێنجانی نەوتی “گابار” لە باکووری کوردستان هەڵنەهێناوەتەوە.

سامانەکانی باکووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەشێوەیەکی بێسنوور بەتاڵان دەبرێت، لە ڕۆژانی ڕابردوودا “محەممەد شیمشەک” وەزیری خەزێنەداری و دارایی تورکیا ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە بەرهەمهینانی نەوت لە “گابار”ی باکووری کوردستان بڵاو کردەوە. بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، دەوڵەتی تورک ڕۆژانە 25 هەزار بەرمیل نەوت لە گابار دەردەهێنێت و ئەو ڕێژەیەش ڕۆژبەڕۆژ زیاد دەکات.

شیمشەک لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتوویەتی “بەهۆی نەوتی گابارەوە قەیرانی ئابوور کەم دەبێتەوە و یەدەکی نەوتیش زیاد دەبێت”. دەشلێت: “هەتا ساڵی 2026 بەرهەمهێنانی نەوت بەگشتی دەگاتە ئاستێک کە 18٪ی پێویستییەکانی تورکیا دابین دەکات”. پاش ئەو ڕاگەیاندراوەی محەممەد شیمشەک، هەموو چاوەکان لەسەر پەکەکە بوون بزانن چ هەڵوێستێکی دەبێت.

پەکەکە هەتا ئێستا دەیان جار بۆڕیە نەوتەکانی هەرێمی کوردستانی تەقاندۆتەوە و بە ملیۆنان دۆلار زیانی بە ئابووریی کوردستان گەیاندوە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی دژ بە ئابووریی تورکیا و پرۆژەی هەڵێنجانی نەوتی “گابار” لە باکووری کوردستان هەڵنەهێناوەتەوە. ئەو کردەوانەی پەکەکە جێگەی سەرنج و تێڕامانن.

بۆ ماوەی دەیان ساڵ چیای “گابار” لەژێر کۆنترۆڵی پەکەکەدا بوو. لەم ساڵانەی دواییدا پەکەکە بەرەبەرە لە چیاکانی باکووری کوردستاندا کاریگەریی نەما و دەوڵەتی تورک ئەو شوینانەی کە پەکەکە لە ساڵانی 1990دا ناوی “هەرێمە ڕزگارکراوەکان”ی لەسەر دانابوون وەکوو جوودی، گابار، بەستا، چارچەل، ماوا و ئاندۆک، کردووە بە ناوچەی گەشتیاری. ئیدی شوێن پێی گەریلاکانی پەکەکە لەو ناوچانەدا نەماوە.

پوستێن ھەمان بەش