داواکاری گشتی ئامەد ئاڵاکانی کوردستانی بۆ PAK و PSK و تەڤگەری ئازادی گەڕاندەوە

داواکاری گشتی ئامەد ئاڵاکانی کوردستانی بۆ PAK و PSK و تەڤگەری ئازادی گەڕاندەوە

PWK: بڕیارەکەی داواکاری گشتیی ئامەد بۆ گەڕاندنەوەی ئاڵاکانی کوردستان، سەلمێنەری ئەوەیە کە ئاڵای کوردستان قەدەغە نەکراوە.

داواکاری گشتی کۆماری لە “ئامەد”ی باکووری کوردستان، ئەو ئاڵایانەی کوردستان کە لە ساڵی 2022دا لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی دژ بە PAK و PSK و تەڤگەری ئازادی دەستی بەسەردا گیرابوو بۆ ئەو لایەنانە دەگەڕێنێتەوە.

مەکتەبی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان، ئەمڕۆ 20ی نیسانی 2024، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، “داواکاری گشتیی کۆماریی لە دیاربەکر بڕیاریدا ئەو ئاڵایانەی کوردستان کە لە ساڵی 2022دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، بۆ لایەنەکانی پاک و پەسەکە و تەڤگەری ئازادی بگەڕێنێتەوە .

مەکتەبی ڕاگەیاندنی PWK ڕایگەیاند، لە ساڵی 2022دا، لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە دیاربەکر هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەکانی PAK و PSK و تەڤگەری ئازادی و هەرچەندە سەرکردەی ئەو لایەنانە بەرەنگاریان ببوونەوە، بەڵام پۆلیس بە شێوەیەکی نایاسایی دەستیان بەسەر ئاڵاکانی کوردستان و سەرجەم بەڵگەنامەکانی ناو ئەو بینایانەدا گرت.

PWK دەستنیشانی کردووە کە دوای ئۆپەراسیۆنەکە، بەڕێوەبەرانی پارتەکانی (پاک، پەسەکە و تەڤگەری ئازادی) لە داواکاری گشتی کۆماری لە دیاربەکر ئیفادەیان دابوو و ناڕەزایی خۆیان لە ئۆپەراسیۆنەکەی پۆلیسی تورکیا و دەستبەسەرداگرتنی ئاڵای کوردستان دەربڕیبوو و جەختیان کردبۆوە کە ئاڵای کوردستان قەدەغە نیە ئەگەر قەدەغەش بکرێت ئەوان ئامادە نین ئەو قەدەغەکردنە قبووڵ بکەن.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کە دوێنێ هەینی، 19/4/2024، داواکاری گشتیی کۆماری لە دیاربەکر بڕیاری “پێویست بە هیچ دۆسیەک نیە”، بڕیاری “لێپێچینەوە نەکردن”ی دەرکرد و سەرجەم ئاڵاکانی کوردستانی ە بۆ PWK (کە پێشتر PAK بوو) لەگەڵ PSK و تەڤگەری ئازادی گەڕاندەوە.

PWK جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بڕیارەی داواکاری گشتی کۆماریی دیاربەکر و گەڕاندنەوەی ئاڵاکانی کوردستان پشتڕاستکردنەوەی فەرمییە بۆ ئەوەی کە ئاڵای کوردستان قەدەغە نەکراوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، PWK ئاماژەی بە گرنگی ئەم بڕیارە کرد و ڕایگەیاند: هەرچەندە دەوڵەتی تورک زۆرجار بڕیارەکانی پشتگوێ خستووە و یاساکانی پێشێل کردووە، بەڵام ئەم بڕیارەی داواکاری گشتی کۆمارییەکانی دیاربەکر و گەڕاندنەوەی ئاڵاکانی کوردستان، دەرفەتێکی گرینگە.

پوستێن ھەمان بەش