5 کۆڵبەری دیکەی ڕۆژهەڵات بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ئێرانی بریندار بوون

5 کۆڵبەری دیکەی ڕۆژهەڵات بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ئێرانی بریندار بوون

رۆژانە ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد کە لەبەر دۆخی نالەباری ئابووری و بە ناچاری ڕوو لە کۆڵبەری دەکەن، لەلایەن چەکدارانی ئێرانیەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ تەقەیان لێدەکرێت و لە ئەنجامدا گیانیان لەدەست دەدەن یان بریندار دەبن.

لە ناوچە سنووریەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، 5 کۆڵبەری دیکەی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ئێرانی بریندار کران.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتە هەواڵێکدا ڕایگەیاندووە کە “ڕۆژی هەینی ٣١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٩ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ژمارەیەک کۆڵبەر، سێ کەس بە ناوەکانی موعین شەریفی تەمەن ٢٤ ساڵ و محەممەد (ناوبانگ نادیار) هەردووکیان خەڵکی جوانڕۆ و سەعید (ناوبانگ نادیار) خەڵکی گوندی سەفیاوا سەر بەو شارە، لە سنووری نەوسوودی پاوە دەست و لاقیان بریندار کراوە”.

هەنگاو ڕاشیگەیاندووە کە “لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٨ی ئەپریل)، کەیوان دارابی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لاقی بەسەختی بریندارکرا و بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی سەقز گواسترایەوە”.

لە ڕاپۆرتەکەی هەنگاودا هاتووە “ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە (١٧ی ئەپریل)، محەممەد ڕەحیمی، کۆڵبەری لاوی خەڵکی سەقز لە کاتی ڕاوەدوونانی ژمارەیەک لە کۆڵبەران لەلایەن هێزە چەکدارەکان لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، بەهۆی بەربوونەوە لاقی بریندار بوو”.

پوستێن ھەمان بەش