سەرۆککۆماری تورکیا گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان

سەرۆککۆماری تورکیا گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان

سەرۆککۆماری تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتە هەولێر.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

کەمێک پێش ئێستا (ڕۆژی دووشەممە، 22ـی نیسانی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتە هەولێر و لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.

سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ هەولێر، دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا دێت کە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێکرا و دوای کۆبوونەوەیان واژۆیان لەسەر 26 ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتن کرد.

لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە دەکەن.

ئەم سەردانەی ئەردۆغان دەبێتە یەکەم سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا لە مێژوودا کە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، لە کاتێکدا 13 ساڵ لەمەوبەر، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوسا وەک سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانیدا بەشداری کرد لە کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.

پوستێن ھەمان بەش