گەریلاکانی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە 2 منداڵی دیکەیان لە منبج ڕفاند

گەریلاکانی"جوانێن شۆرەشگەر"ی پەکەکە 2 منداڵی دیکەیان لە منبج ڕفاند

هەر دوو منداڵە ڕفێندراوەکە ڕەوانەی کەمپە سەربازیەکان کراون بۆ ئەوەی چەکدار بکرێن.

تۆڕی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە دوو ڕاپۆرتی جیادا ڕایگەیاند، ڕێکخراوی “جوانێن شۆرەشگەر”ی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دوو منداڵی دیکەی خەڵکی شاری “منبج”ی سەر پارێزگای حەلەب لە باکوری سوریایان ڕفاندووە کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)دایە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە کە “جوانێن شۆرەشگەر” لە 16ی نیساندا منداڵێکی تەمەن 12 ساڵانیان بەناوی “حەمزە ئەل ـ عککام” ڕفاندووە و ڕەوانەی کەمپێکی خۆیان کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ، گەریلاکانی تاقمی “جوانێن شۆرەشگەر” لە ڕێکەوتی 18ی نیسانیشدا، منداڵێکی دیکەیان بە ناوی حوسێن ئەل ـ سبح  لە شاری منبج ڕفاندووە. حوسێن لە 6/1/2008 لەدایکبووە وخەڵکی گوندی ئەل ـ دالیفارێیە و ئەویش ڕەوانەی یەکێک لە کەمپە سەربازیەکان کراوە.

سەرەڕای ئەوەی کە مەزلووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە ساڵی 2019دا لەگەڵ ڤێرجینیا گامبا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان، پەیمانێکی واژۆ کردووە و بەڵینی داوە کە ئیدی منداڵان تێکەڵ بە ڕیزی هیزەکانی خۆی نەکات و هەروەها ئەو منداڵانانەش ئازاد بکەن کە پێشتر چەکداریان کردوون، بەڵام هەسەدە و فەرماندەکەی هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە بەڵێن و واژۆکەی خۆیان پێبەند نەبوون و بەردەوام و بەشێوازی جۆراوجۆر منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان دەڕفێنن و بەزۆر چەکداریان دەکەن و لە شەڕەکاندا بەشدارییان پێدەکەن.

چاودێران لەو بڕوایەدان کە ئامانجی تاقمی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە لە ڕفاندنی منداڵان و میرمنداڵان، شۆردنەوەی مێشکیانە بەپێی بیروباوەڕی پارتی کرێکارانی کوردستان و تێکەڵکردنیانە بە ڕیزی گەریلا و چەکدارەکانی ئەو حیزبە.

پوستێن ھەمان بەش