پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان: سەرەتای جینۆسایدی دێرسیم، 4ی ئایارای 1937ـە!

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان: سەرەتای جینۆسایدی دێرسیم، 4ی ئایارای 1937ـە!

PWK: جینۆسایدی دێرسیم و سەرجەم ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە دژی گەلی کورد ئەنجامدراون، ئیدانە و شەرمەزار دەکەین.

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) لەبارەی دەستپێکردنی قڕکردن و جینۆساید و کۆمەڵکوژیی “دێرسیم”دا کە لە 4ی ئایاری 1937دا بڕیاری لەسەر درابوو، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان بەم شێوەیەیە:

87 ساڵ لەمەوبەر و لە ڕێکەوتی 4ی ئایاردا، بڕیاری قڕکردنی میللەتێک پەسندکرا کە لەلایەن “م.ک.ئەتاتورک” و “فەوزی چاکماک”ـەوە ئامادە کرابوو. لەسەر بڕیاری شاندی وەزارەتی بزووتنەوەی تەنقیلی “دێرسیم” کە لە 4ی گوڵانی 1937دا پەسند کرابوو، لە 12ی ئایاری ساڵی 1937دا هێزە چەکدارەکانی کۆماری تورکیا، دێرسیمیان داگیرکرد و بەردیان لەسەر بەرد نەهێشت.

لە فەرمانەکەدا هاتووە، “دەبێ خەڵکی هەرێمی کوردستان کۆبکرێنەوە و بگوازرێنەوە بۆ هەرێمێکی دیکە. ئەو ئۆپەراسیۆنی کۆکردنەوەیە دەبێ گوندەکان لەخۆی بگرێت و هەم سەرجەم چەک و سیلاحەکان کۆ بکرێنەوە و هەمیش ئەو خەڵکەی کە کۆ کراونەتەوە، نەقڵی ناوچەکانی دیکە بکرێن”.

هەروەها لە فەرمانەکەدا هاتووە: “ئەگەر ئێمە هێرشەکە تەنها بۆ ڕازی بوونی خۆمان ببینین، سەرچاوە و کوانووی شۆڕشەکە لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە. هەر بۆیە دەبێت ئەو کەسانەی کە چەکیان بەکار هێناوە و بەکاری دەهێنن لە رەگ و ڕیشەوە دەربهێنین و گوندەکان بەتەواوەتی وێران بکەین و خێزانەکانیان دوور بخەینەوە”.

بێگومان ئەم بڕیارە بەهۆی باوەڕ و ناسنامەکەیەوە، بڕیار و فەرمانی لەناوبردنی نەتەوەیەک بوو. دەوڵەتی تورکیا بەناوی وەرگرتنی سەرباز، بەشێکی زۆری گەلی کوردی ناچار کرد ببنە چەکداری دەوڵەت؛ کەسانێک کە دەیانتوانی سەرکردایەتی خەڵک بکەن و لە نێو خەڵکدا ڕێز و حورمەتیان هەبوو، هەموویان کۆ کردنەوە و بۆ ئەوەی کە هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نەمێنێت، ڕەوانەی شارە جیاوازەکانی تورکیا کران و سزای ‘ئیقامەی ناچاری’یان بەسەردا سەپێندرا. دوای ئەوە ئۆپەراسیۆنی قڕکردن و جینۆساید دەستیپێکرد و بەبێ ئەوەی هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا بکەن، خەڵکی “دێرسیم”یان کۆمەڵکوژ کرد.

ئیحسان سەبری چاگلایانگیل بەڕێوەبەری ئەوکاتی پۆلیسی مالاتیا، لە بیرەوەرییەکانیدا دان بەوەدا دەنێت کە ئەو ژن و منداڵانەی لە ستەم هەڵهاتبوون و ڕۆیشتبوونە ناو ئەشکەوتەکان، هەموویان بە “دەرمانی مشک” لەناو ئەشکەوتەکاندا کوژراون. ژنان و کچانی دێرسیم بۆ ئەوەی نەکەونە چنگی چەکدارانی تورک، لە چیا بەرزەکانەوە خۆیان هەڵدەدا ناو ڕووباری مونزورەوە. هەروەها چەکدارەکان هەندێک منداڵی ساوایان لەگەل خۆیان بردە شارەکانیان و وەکوو میللەتێکی دیکە پێیان دەگەیاندن.

کۆمەڵکوژی دێرسیم، بەشێکە لە سیاسەتی پاکتاوکردنی نەتەوەی کورد. ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 1921 بە تێکشکاندنی بەرخۆدانی کۆچگیری دەستی پێکرد و لە ساڵانی 1937ـ 1938دا بە کۆمەڵکوژیی خەڵکی دێرسیم بەردەوام بوو. هەروەک لە بڕیارنامەکەدا هاتووە، هەموو بوارەکانی بەرخۆدانی گەلی کورد یەک بە یەک لەناوچوون.

پێویستە دەوڵەتی تورک داوای لێبوردن بکات لە بەرامبەر ئەو دڕندەییانەی بەسەر خەڵکی دێرسیم و کوردستاندا ئەنجامیدا و بەگوێرەی ئەو ڕاستییە هەنگاوی پێویست بنێت. وەکوو یەکەم هەنگاو، دەوڵەتی تورک دەتوانێت بە ئاشکراکردنی گۆڕی سەرکردەکانی بزووتنەوە کوردییەکان، سەید ڕەزا، شێخ سەعید و ئەوانی دیکە و سەید نوورسی دەست پێ بکات کە هەتا ئێستاش شوێنی گڵکۆکانیان دەشارێتەوە.

لە یادی 87 ساڵەی دەستپێکی کۆمەڵکوژی دێرسیمدا، ئێمە جینۆسایدی دێرسیم و هەموو ئەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدانەی کە دژی گەلی کورد ئەنجامدراون، ئیدانە و شەرمەزار دەکەین. ئێمە بە ڕێزەوە یادی سەرجەم شەهیدان و پاکڕەونانی کوردستان بەرز ڕادەگرین. خەبات و تێکۆشان و گیانبازیی ئەوان، ڕێگا بۆ خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی کورد لەپێناو سەربەخۆیی و ئازادی و دیموکراسیدا خۆش دەکات.

4/5/2024

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)

پوستێن ھەمان بەش