لە دێرەزوور تاقمێکی چەکدار بۆ شەڕکردن لەگەڵ هەسەدە پێکهێنرا

لە دێرەزوور تاقمێکی چەکدار بۆ شەڕکردن لەگەڵ هەسەدە پێکهێنرا

ڕوانگەی سووری: “ئاڵۆزییەکانی دێرەزوور بە فەرمان و پشتیوانی حزبوڵای لوبنان و میلیشیاکانی ئێران بەرێوەدەچن”.

تاقمێکی چەکداری نوێ لە لایەن عەشیرەتەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ڕژیم و میلیشیاکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی دێرزۆر بۆ شەڕکردن لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) پێکهێنراوە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، عەشیرەی “ئەل ـ بو شەبان” بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە شێخەکانی عەشیرەتی ئەل ـ عەگێدات و بەگارا، پێکهێنانی گرووپێکی چەکداری بەناوی “سەرایا ئەل ـ بو شەبان” بە سەرۆکایەتی شێخ عەلا ئەل ـ لەبباد”، ڕاگەیاند.

وەک ڕاگەیاندراوە، ئەو گرووپە نوێیە دەچنە ناو “سوپای خێڵەکان”ـەوە بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم ئەلحەفل، شێخی خێڵی ئەل ـ عگێدات، بە ئامانجی دەستپێکردنی هێرشی چەکداری دژ بە پێگە و خاڵەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).

بەپێی زانیاریەکان، شێخ عەلا ئەل ـ لەبباد لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە شاری دێرەزوور کراوە، ڕایگەیاندووە، ئەم هاوپەیمانەتیە، هاوپەیمانی یەکڕیزی و هاوکاریی عەشیرەتەکانە.

لەم دیدارەدا کە یەکەم کۆبوونەوە نەبووە، بەشێک لە خێڵەکانی سەر بە هێزەکانی ڕێژیم لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمەدا، بە فەرمانی میلیشیاکانی ئێران بە مەبەستی دروستکردنی پێکهاتەیەکی چەکداری بۆ شەڕکردن لە دژی هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی فورات، پێکەوە کۆبوونەتەوە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو کە ئەفسەرێکی فەرمانگەی کاروباری عەشیرەتەکان لە کۆشکی سەرۆکایەتی سوریا، لە کۆتاییەکانی مانگی نیساندا لە شارۆچکەی ئەل ـ عشارەی سەر بە دێرەزوور، لەگەڵ ئیبراهیم ئەلحەفل شێخی عەشیرەتی ئەل ـ عەگێدات کۆبۆتەوە بۆ ئەوەی هێرشکردنە سەر ناوچەکانی هەسەدە ڕیکبخەن.

ماوەی زیاتر لە 8 مانگە هێرشی چەکدارانی خۆجێیی دژی هەسەدە لە ڕۆژهەڵاتی دێرزوور ڕوو لە پەرەسەندنە و بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەو هێرشانە بە فەرمان و پشتیوانی حزبوڵای لوبنان و میلیشیاکانی ئێران بەرێوەدەچن.

لە کۆتایی مانگی ئابی 2023 و دوای گرتنی ئەحمەد ئەل خەبیل (ئەبو خەولا) فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی دێرزوور لەلایەن هەسەدەوە، ئاڵۆزی و پێکدادان لەنێوان هەسەدە و چەکدارە خۆجێیەکان لە ڕۆژهەڵاتی دێرزوور دروستبووە و پەرەی سەندووە.

هەسەدە  پێشتر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو، “کەسێک بەناوی ئیبراهیم ئەل ـ حەفل سەرۆکی فیتنەیە و ئێستا لەلایەن هێزەکانیانەوە داواکراوە، چونکە ئەو بووەتە هۆی ڕشتنی خوێنی شەڕڤانان و خەڵکی سڤیل و بەپێی فەرمانی لایەنە دەرەکیەکان فیتنە ساز دەکات و ئاژاوەگێڕی دەکات”.

پوستێن ھەمان بەش