قایمقامی هەولێر: زیاتر لە 370 دوکانی بازاڕی قەیسەری بەتەواوی سووتاون

قایمقامی هەولێر: زیاتر لە 370 دوکانی بازاڕی قەیسەری بەتەواوی سووتاون

لە بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر نزیکەی چوار هەزار دوکان هەیە.

قایمقامی هەولێر ڕایگەیاند، لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگرەکەی دوێنێ شەوی بازاڕی قەیسەری، زیاتر لە 370 دوکان بەتەواوی سووتاون.

ئەمڕۆ دووشەممە، 6/5/2024، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە ئاژانسەکانی باشووری کوردستانی ڕاگەیاند، دوای ئەو ئاگرەی دوێنێ شەو لەناو بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر کەوتەوە، ڕاستەوخۆ تیمە خزمەتگووزارییەکان و هێزە ئەمنییەکان، بەرگریی شارستانی و زێرەڤانی، تیمەکانی تەندروستیی لە ژێر سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر ئامادە بوون و توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

بەگوتەی قایمقامی هەولێر، “لە بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر نزیکەی چوار هەزار دوکان هەیە، بەڵام بەداخەوە بەپێی ئەو ئامارگیریەی سەرەتاییەی کە  ئەمڕۆ لەلایەن تیمەکان کراوە، زیاتر لە 370 دووکان بەتەواوی سووتاون کە دەکاتە ڕێژەی 10% بازاڕەکە”.

نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی: “ئاگرەکە دوێنێ شەو کۆنترۆڵ کرا، بەڵام زۆربەیان دووکەڵیان تا ئێستە ماوە، ئەو لێژنە لێکۆڵینەوەیەی دوێنێ شەو پێک هێنراوە، هەر دوێنێ شەو دەستیان بە کارەکانی خۆیان کرد. لێژنەیەکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە هۆی ڕوودانی ئاگرەکە، دواتر ڕادەگەیەندرێت”.

پوستێن ھەمان بەش