کۆمیسیۆنی عێراق: تەواوی ڕێکارەکانمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگرت

کۆمیسیۆنی عێراق: تەواوی ڕێکارەکانمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگرت

دادگای فیدراڵیی عێراق لە وەڵامی سکاڵایەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ فەرمانێکی “وەلائی” دەرکرد.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی تەواوی ڕێکارەکانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕاگرت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8/5/2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئاژانسەکانی باشووری کوردستانی ڕاگەیاند، دوای بڕیارەکەی دوێنێی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، “بە شێوەیەکی فەرمی تەواوی ڕێکارەکانمان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕاگرت تا ئەو کاتەی سکاڵاکە یەکلایی دەکرێتەوە”.

دوێنێ سێشەممە، 7/5/2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە وەڵامی سکاڵایەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ فەرمانێکی “وەلائی” دەرکرد، بە مەبەستی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (2) لە سیستمی تۆمارکردن و پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ژمارە (7)ی ساڵی 2024، کە تێیدا هاتووە (پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە (100) کورسیی پێک دێت کە بەسەر ئەم بازنانەی هەڵبژاردندا دابەش کراون: پارێزگای هەولێر 34 کورسی،  سلێمانی 38 کورسی، دهۆک:25 کورسی و  هەڵەبجە 3 کورسی).

دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوە کرد، تا ئەو کاتەی سکاڵاکە یەکلایی دەکرێتەوە ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕگەکە بەردەوام دەبێت ئەمەش بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە دەرئەنجامەکانی جێبەجێکردنی کە لە داهاتوودا چارەکردنی قورس دەبێت.

ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دۆخی ئێستەی عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: “بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداریی هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت”.

ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە ڕۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری دا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسیی کۆتاکان کە 11 کورسین، هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەبنەوە.

پوستێن ھەمان بەش