لە رووها هێرش کرایە سەر بارەگای دەم پارتی

لە رووها هێرش کرایە سەر بارەگای دەم پارتی

هێرشەکە کاتژمێر 03:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ و لە رێگای بەکارهێنانی چەکەوە ئەنجام دراوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 8/5/2024،  لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە هێرش کرایە سەر بارەگای “دەم پارتی” (DEM) لە شارۆچکەی بێرەجووکی سەر بە شاری رووهای باکووری کوردستان.

 عومەر ئۆجەلانی، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە شاری رووها، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) سەبارەت بە هێرشی سەر بارەگای پارتەکەی رایگەیاند، “کاتژمێر 03:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە چەک هێرش کراوەتە سەر بارەگای دەم پارتی. با هێرشکارەکان ئەوە باش بزانن خەڵکی بێرەجووک لە هیچ چەتەیەک ناترسێت و ئەوان لە هەموو دۆخێکدا پشتی پارتەکەی خۆیان دەگرن.”

 دوای هێرشەکە پۆلیسی رووها دەستی بە لێکۆڵینەوە لەسەر چۆنێتی رووداوەکە و دۆزینەوەی بکەرانی کردووە، بەڵام هیچ ئەنجامێک سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس بڵاونەکراوەتەوە.

 لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا کە لە 31-03-2024 بەڕێوەچوو، دەم پارتی توانی سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی بێرەجووک بباتەوە؛ بەڵام دوای مانگێک لە هەڵبژاردن محەممەد بەگیتی، بەربژێرە سەرکەوتووەکەی دەم پارتی لە بێرەجووک، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە دەم پارتی راگەیاند. لەگەڵ ئەویش چوار ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ناوچەکە دەستیان لە کاری پارتایەتی لەناو دەم پارتی کشاندەوە.

پوستێن ھەمان بەش