لە ساڵی 1990 بەملاوە، 850 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان، بە بۆردوومانی تورکیا و ئێران شەهید بوون

لە ساڵی 1990 بەملاوە، 850 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان، بە بۆردوومانی تورکیا و ئێران شەهید بوون

راپۆرتەکەی (CPT) ئەمریکی 30 لاپەڕەیە و رەگەز، تەمەن و ناسنامەی ئەو کەسانەی شەهید کراون و بریندار بوون، تۆمار کراوە.

رێکخراوێکی ئەمریکی بە هاوکاریی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، داتای ئەو هاونیشتمانییانەی کۆکردووەتەوە، کە بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێرانەوە گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون. ئەندامێکی رێکخراوەکە دەڵێت، “بۆ قەرەبووکردنەوە داتاکان دەدەنە بەغدا.”

کامەران عوسمان، بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە رێکخراوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 8/5/2024 بە ئاژانسەکانی باشووری کوردستانی ڕاگەیاند: “بۆ هاوئاهەنگی لە کارەکانیان، رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی و دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و دەستەی مافی مرۆڤ پشتیوانیی خۆیان بۆ هەنگاوەکانمان راگەیاندووە.”

بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوەکە، بەهۆی بۆردوومانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە، لە ساڵی 1990ـەوە زیاتر لە 850 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە. کامەران عوسمان دەڵێ، “زۆرینەی زۆری شەهیدەکان بەهۆی بۆردوومان و هێرشی تورکیاوە بووە.”

بەڵگەنامەی گیانلەدەستدان، وێنە، ناسنامە و راپۆرتی پزیشکی برینداران ئەو بەڵگەنامانەن کە رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی کۆی کردوونەتەوە.

راپۆرتی رێکخراوە ئەمریکییەکە 30 لاپەڕەیە، رەگەز، تەمەن و ناسنامەی ئەو کەسانەی شەهید و بریندار کراون، تۆمار کراوە.

بەگوێرەی رێکخراوەکە، بەهۆی شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان ـ پەکەکە و سوپای تورکیاوە، 161 گوندی باشووری کوردستان بە تەواوی چۆڵکراون و بە ناوچەی قەدەخە دەژمێردرێن. هەروەها 602 گوندی دیکە لەژێر هەڕەشەی چۆڵکردندان و زۆرینەی خەڵکەکەی جێیان هێشتووە.

کامەران عوسمان دەڵێت، لە رابردوودا لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر هێڵ بوون بۆ قەرەبووکردنەوەی برینداران و کەسوکاری ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە. گوتیشی، “لە عێراق بە یاسا قەرەبوو دەکرێنەوە، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بە شەهید تۆمار دەکرێن و بریندارانیش بە برینداری نیشتمانی.”

 بە گوتەی کامەران عوسمان، بەغدا بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی بە قوربانییەکان داوەتە ئەوان و ئەوەی ماوە داتای شەهید و بریندارەکانە رادەستیان بکەن. گوتیشی، “پڕۆسەکە کاتی پێویستە.”

پوستێن ھەمان بەش