جارێکی دیکە بارەگای دەم پارتی لە بێرەجووک هێرشی کرایەسەر

جارێکی دیکە بارەگای دەم پارتی لە بێرەجووک هێرشی کرایەسەر

“هێرشەکەی ئەمجارە چەکدارانە نەبووە بەڵام زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە”.

لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا بۆ دووەم جار هێرشکرایە سەر بارەگای پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان-دەم پارتی، لە شارۆچکەی “بیرەجووک”ی سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان. وەکوو ڕاگەیاندراوە هێرشەکەی ئەمجارە چەکدارانە نەبووە بەڵام زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە.

شایانی باسە هەمان ئەو بارەگایەی دەم پارتی (DEM) لە شاری “بیرەجووک”، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 8/5/2024، درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و دوای رووداوەکە کەسێک بەناوی خەلیل بەگیت دەستبەسەرکرا. ئەو کەسە برای محەممەد بەگیتـە کە دوای هەڵبژادنەکانی 31ـی ئادار لە بیرەجووک، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە دەم پارتی راگەیاند.

 لقی روهای دەم پارتی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئێکس رایگەیاند: “دوای هێرشەکەی دوێنێ بۆ سەر بارەگای پارتەکەمان لە بیرەجووک هێرشی دووەم روویدا. ئەو دەستدرێژکارە یان ئەو دەستدرێژکارانەی کە بە شتێکی رەق لە شووشەی بیناکەیان داوە، زیانی ماددییان گەیاندووە. تائێستا نازانرێت کێ هێرشی کردووە. جگە لەوەش سەبارەت بە هێرشەکەی دوێنێ، خەلیل بەگیت، برای محەممەد بەگیت کە دوای هەڵبژاردن دەستی لەپارتی ئێمە کێشایەوە، تائێستا دەستبەسەر کراوە”.

 دەم پارتی دەڵێت: “دەزانین کام هێزە تاریک لە پشت ئەو هێرشە روو رەشەیە.”

 کاتژمێر 03:00ـی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8/5/2024، لە گەڕەکی مەیدان لە شەقامی دکتۆر عەبدولقادر ئەردیل لە شارۆچکەی بیرەجووک بە چەک هێرش کرایەسەر بارەگاکەی دەم پارتی و 14 گولـلە بەر بارەگاکە کەوت.

 تائێستا دیار نییە هێرشکارەکە یەک کەس بووە یان زیاتر. کاتی هێرشەکە بارەگاکە چۆڵ بووە و تەنیا زیانی ماددی بەرکەوتووە.

 پارێزگای روها دوای هێرشەکە رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی هێرشکارەکە بەردەوامە.

 لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە، کەسێک بەناوی خەلیل بەگیت دەستبەسەرکرا. ئەو کەسە برای محەممەد بەگیتە کە دوای هەڵبژادنەکانی 31ـی ئادار لە بیرەجووک، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە دەم پارتی راگەیاند.

 بەگوێرەی زانیارییەکان، خەلیل بەگیت شەوی پێش هێرشەکە لە رێگەی ناردنی نامە بە واتساپ هەڕەشەی لە بەڕێوەبەرانی دەم پارتی شارۆچکەکە کردووە، بەوهۆیەوە بەرپرسانی دەم پارتی لە داواکاری گشتیی سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووە.

 دەم پارتی دەڵێت، محەممەد بەگیت کە لە هەڵبژاردنی 31ـی ئاداردا لەسەر لیستی پارتەکەیان وەک هاوسەرۆکایەتیی شارەوانی بیرەجووک هەڵبژێردرا بوو، رۆژی 29ـی نیسان لەگەڵ سێ ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی دەستیان لەکارکێشایەوە.

 دوای ئەوە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی دەم پارتی لێدوانێکیان سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد بەگیت دا و رایانگەیاند، هۆکاری سەرەکیی دەستلەکارکێشانەوەکە ئەوەیە کە پشتگیرییان لە پلانی بەگیت نەکردووە بۆ فرۆشتنی موڵکەکانی شارەوانی. جگە لەوەش ئەنجوومەنی شارەوانی داوای کردووە بەگیت دەستلەکار بکێشێتەوە.

پوستێن ھەمان بەش